باخە گوێزەكانی هەورامان... دیمەنێكی سروشتی دڵڕفێن و خواردنێكی نایاب

ئیمه‌یل چاپی بکه PDF
User Rating: / 0
PoorBest 
گوێزی هەورامان بە ناسكی توێكڵی دەرەوە و ناوكە رەنگ سپیە بەتام و چێژەكەی دەناسرێتەوە، جیاواز لەهەر جۆرێكی

تری گوێز، كە بەشێوەی بەرفرەوان لەكوردستاندا هەیە. هەورامان، كە هەردوو شارۆچكەی "بیارە" و "تەوێڵە" لەخۆ دەگرێت و ناوچەیەكی سنورییە لەنێوان ئێران و كوردستاندا، ناوچەیەكی گەشتیاریشە و بەهۆی سروشتی جوان و سەرنجڕاكێش و سیحراویەكەی و رێگا درێژە بە درەخت تەنراوەكەی، خەڵك لەهەموو شوێنەكانی تری كوردستان رووی تێدەكەن.

لەمنداڵیمانەوە گوێمان لەناوبانگی گوێزی هەورامان بووە، لەبارەی نهێنی پیت و فەڕی ئەو خاك و كەشوهەوا و سروشتە قەشەنگەی ئەو جۆرە تایبەتەی گوێزی تێدا دەڕوێت، "خەلیل" كە جوتیارێكی ئەو ناوچەیەیە و كێڵگە و باخی تایبەتی دارگوێزی هەیە و مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی لەبازاڕەكاندا پێ دەكات، ئێمەی گەیاندە لای كاك مەجید حامد، كە شارەزاییەكی باشی لەجۆرەكانی گوێز و سروشتی ئەو ناوچەیەدا هەبوو و پێشتریش لەفەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەكە كاری كردوە. مەجید پێی گوتین "زەمەنێكی درێژە ئێمە لێرەدا ئەم جۆرە گوێزە دەڕوێنین، بەهۆی جۆرە نایابەكەیەوە ناوبانگێكی باشی پەیدا كردوە، لەرووی تام و شێوەكەی و ئاسان شكاندنی توێكڵەكەی و ئاسان دەرهاتنی ناوكەكەی. ئەمە جگە لەو سوودە بێ شوومارانەی لەرووی تەندروستیەوە هەیەتی".

مەجید باسی لەتایبەتمەندی كەشوهەوای هەورامان كرد، كە بۆ ئەم جۆرە درەخت و بەروبوومە زۆر گونجاوە، بەتایبەت كە ناوچەیەكی كوێستانە و زۆربەی كاتەكان ساردە، چونكە گوێز هەرگیز لەناوچەی گەرمدا گەشە ناكات و ناڕوێت، هەروەك چۆن دارخورما لەناوچە ساردەكاندا ناڕوێت، هەر رووەك و میوەجاتێك بۆ ڕوان و گەشەكردن و بەرگرتنی، بارودۆخ و كەشێكی تایبەتی پێویستە.

جوتیارێكی تری ناوچەكە، كە باخی تایبەتی گوێزی هەیە و ژیانی لەسەر مامەڵەكردنە بە گوێزەوە، هەر لەبارەی گوێزی هەورامانەوە دەڵێ "دەبێ هەندێك مەرج و بارودۆخی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی گوێزی هەورامان هەبێت، لەسەروشیانەوە كەشوهەوای تایبەت، چونكە ئەم گوێزە بەشێوەیەكی قۆناغبەندی گەشە دەكات، لەهەر ساڵێكدا شێوەی دارگوێزەكە دەگۆڕێت و گەورەتر دەبێت و قەدەكەشی ئەستوورتر دەبێت و توێكڵێكی ئەستوور دەوری دەگرێت". جوتیارەكە لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو "ئەستووری قەدی دارگوێزەكان لەیەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە"، پاشان ئاماژەی بۆ چەند دارگوێزێكی دەوروبەری خۆی كرد و گوتی "بۆ نمونە هەندێك لەو دارگوێزانەی لەبەرامبەرتدا هەن تەمەنیان زیاتر لە300 ساڵ دەبێت، هەشە تەمەنی لەنێوان 40-60 ساڵی دایە، چونكە ئەم دارگوێزە كۆنانە بەشێوەیەكی سروشتی و خۆڕسك رواون و گەشەیان كردوە، تا ئێستاش بە بەردەوامی بەروبومێكی باشیان هەیە".

لەهەرە سەیر و سەمەرەترین ئەو نهێنیانەی لەچاندنی گوێزی هەوراماندا بەرچاو دەكەوێت، وەك مەجید باسی لێوە دەكات "هەندێك كەس وا دەزانن گوێز رەنگە خۆی خۆڕسكانە بڕوێت، بەڵام ئەمە بۆچوونێكی راست نییە، چونكە لێرەدا جۆرە گیاندارێك هەیە، كە هەموو خەڵك دەیناسن، ئەویش "سمۆرە"یە، بەڵێ سمۆرەكان لەئاگاییەوە گوێز دەدزن و لەشوێنێكدا حەشاری دەدەن، تا لەوەرزێكی تردا وەك خۆراكی خۆیان و بێچووەكانیان بەكاری بهێنن، بەڵام ئەوەی سەیرە زۆربەی جار بیریان دەچێتەوە، كە لەكوێ حەشاریان داوە و لەژێر گڵیان ناوە، بەهۆی ئەمەشەوە گوێزەكە بە سروشتێكی خۆڕسكانە گەشە دەكات و دەڕوێت، بۆیە هەندێك كەس هەست دەكەن هەر لەخۆیەوە دەڕوێت".

ئەو پیاوە شارەزایە لەسروشتی هەورامان و دارگوێزی هەورامان زیاتر باسی ئەم حاڵەتەی بۆ كردین و گوتی "لەهەندێك وەرزدا كە بەفر دەبارێت و سمۆرەكان ناتوانن بچنە دەرەوە و ئەو گوێزانە كۆبكەنەوە، كە حەشاریان داون، یا بیریان دەچێتەوە لەكوێ حەشاریان داون، ئینجا گەشە دەكەن، پاشان خەڵك لەوێوە بۆ كێڵگە و باخ و ماڵەكانیان دەیگوزانەوە و لەوێ دەیانڕوێننەوە".

گوێزی كاڵ "كاڕك – نەگەیوو" لەجۆری گوێزی هەورامان لەبازاڕەكاندا وەك دەرمانی گیایی دەفرۆشرێت و ئافرەتان زیاتر بۆ مەبەستی پزیشكی بەكاری دەهێنن، وەك دەڵێن سوودی زۆری هەیە و لەفرۆشگا و دەرمانخانەكانی دەرمانی گیایی لەسەرتاسەری عێراقدا فرۆشی هەیە و داواكاری لەسەرە و خەڵك دەیكڕێت. لەهەورامانیشدا هەر بۆ هەمان مەبەستی بەكارهێنانی گوێز وەك دەرمانی گیایی، هەندێك لەخاوەن باخە گوێزەكان هەر بە سەوزی و بەر لەپێگەیشتنی تەواوەتی، گوێزەكانیان لێ دەكڕدرێت. هەروەك ئەو توێكلەدارەی دەوری قەدی گوێزەكانیشی داوە، بۆ مەبەستی پزیشكی و وەك دەرمانی گیانی بەكار دەهێنرێت و داواكاری لەسەر زۆرە، وەك جوتیارە خاوەن باخە گوێزەكان باسی لێوە دەكەن، لەبەغداوە داواكارییان بۆ دێت. بەو شێوەیە گوێز سەرچاوەیەكی سەرەكی كاری كشتوكاڵی و بژێوی ژیانی خاوەن باخ و كێڵگە گوێزەكانی هەورامانە.

خالید ئەلنەجار – سەباح ئەلجەدید

Share/Save/Bookmark
دوایین نوێکردنه‌وه‌ ( یه‌کشه‌ممه‌, 25 یولیو 2010 15:17 )