2019-02-21 16:08:00

عه‌لی حسێن فه‌یلی/ هاوكات له‌گه‌ڵ له‌دایك بوون گه‌وره‌ترین دیاری كه‌ به‌ منداڵ ده‌به‌خشرێ ، زمانی دایكییه. ‌ هه‌ر ئینسانێك ده‌بێ بۆ پاراستنی ئه‌و زمانه‌ هه‌وڵ بدات  كه‌  لاوه‌ لاوه‌ی دایكانه‌ پێشه‌نگی زایه‌ڵه‌ و بنه‌مایه‌تی.  به‌ وته‌ی نووسه‌ری چیك، میلان كوندرا:  یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، پاككردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كانیه‌تی (ذاكرة). ده‌بێ كتێبه‌كانی، فه‌رهه‌نگی و زمانی له‌ناو ببرێ! زمانی دایك وه‌ك  ره‌نگی‌ چاو، شێوه‌ی لووت، حاڵه‌تی برۆو... واته‌ هه‌ڵبژارده‌ی خۆمان نییه‌، به‌ڵكو  به‌شێكه‌ له‌ هویه‌ت و ناسنامه‌مان .  ئەركی زمانیش تەنها پێدانی زانیاری‌و گواستنەوەی هەستەكان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆی وروژاندنی بیرو ئایدیای نوێ‌. زۆربه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌مان هه‌یه‌، كه‌سێك كه‌  به‌ زمانی دایكیمان قسه‌ی كردووه‌ سه‌رنجی راكێشاوین .  له‌ غه‌ریبدا كاتێك ‌  كه‌سێك به‌ زمانی خۆمان بدوێ بێ ئه‌وه‌ی بیناسین  ته‌نیا به‌ هۆی ئه‌و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌،  هه‌ست به‌ خۆشی ده‌كه‌ین . وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ دۆستیكی كۆنمان دۆزیبێته‌وه‌. ئه‌م هه‌سته‌ خۆشه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌  نییه‌ كه‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر چ جۆره‌ كه‌سێكه‌ و چ پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ . ئه‌و هه‌سته‌  ‌له‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ ناپرسێته‌وه‌ .

ئالفونس دوده‌ نووسه‌ری فه‌رانسه‌وی ده‌بێژێ: هه‌ر میلله‌تێك كه‌ زمانی دایكی خۆی فه‌رامۆش بكات، وه‌ك ئه‌و زیندانیه‌یه ‌كه‌ ‌ ‌ كلیلی ده‌رگای زیندانه‌كه‌ی ون‌  بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌م باسه‌ و كێشه‌ی فه‌یلییه‌كان له‌ رووی زمانه‌وه‌  هیچ ئامارێكی باوه‌ڕ پێكراو له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ كه‌ داگری ئه‌و زانیاریانه‌ بێ چه‌ند له‌سه‌دی فه‌یلییه‌كان  له‌گه‌ڵ زمانی دایكی به‌ كێشه‌ن. دیاره‌ له‌ روانگه‌ی خوێندن و ناوه‌نده‌كانی په‌ره‌وه‌رده‌یی و ژیانی ناو كۆمه‌ڵگه‌  بۆ وێنه‌ له‌ به‌غدا كێشه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌ك په‌روه‌رده‌ی خێزانی له‌م بواره‌دا  فه‌یلییه‌كان دوو جۆر بیركردنه‌وه‌و ئه‌زموونیان هه‌یه‌.  یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه‌ ته‌نیا به‌ عه‌ره‌بی یان زمانی ره‌سمی ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ تیایدا ده‌ژین  منداڵیان ده‌دوێنن، به‌و بیانووه‌ی كه‌ باشتروایه‌  مناڵ ته‌نیا یه‌ك زمان  به‌ باشی فێر بێ تا به‌ هۆی كێشه‌ی فونتیك  نه‌كه‌و‌ێته‌ به‌ر توانجی مناڵانی دیكه‌‌. لایه‌نی دووه‌م ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ زارۆكی خۆیان به‌ زمانی دایكی قسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن دواجار دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ ناچاری ده‌كات زمانی دیكه‌ (ره‌سمی) فێر بێ.

بێگومان  ئه‌گه‌ر كوردێكی فه‌یلی له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌توانێ زمانی دایكی فێر بێ، له‌ ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر زمانی ره‌سمی جیاوازبێ ئه‌و  ده‌رفه‌ته‌ی پێ نادرێ.  ئه‌زموونه‌كان  نیشانی داوه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ منداڵی فێری زمانی دایكی نه‌بن به‌‌ گه‌وره‌ی ‌ كه‌متر هۆگری فێر بوونی ئه‌و زمانه‌ن.  له‌م باره‌وه‌ نموونه‌ی خانه‌واده‌یكی كوردی فه‌یلی له‌ به‌غدا  كه‌ پێنج  مناڵیان  هه‌یه ده‌خه‌مه‌ به‌رچاو.

دووی گه‌وره‌یان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی  له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن باپیره‌و داپیره‌ به‌ كوردی قسه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌ بۆ ئاخافتن به‌ زمانی دایكی كێشه‌یان نییه‌  به‌ڵام ئه‌و سیانه‌كه‌ی دیكه‌یان گله‌مه‌ندن كه‌ دایكو باوكیان به‌ كوردی قسه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كردوون و ده‌ڵێن : خۆزگه‌ ئێمه‌ش بمان توانیبا  وه‌ك خه‌ڵكانی دیكه‌ به‌ زمانی دایكی قسه‌مان بكردبا، لێ له‌ به‌ختی ئێمه‌، داپیره‌و باپیره‌مان نه‌ماون تا فێرمان بكه‌ن . ئیدی  ئێمه متمانه‌مان به‌ خۆمان نییه‌  به‌ كوردی قسه‌ بكه‌ین!

به‌ باوه‌ڕی نلسۆن ماندیلا ، ئه‌گه‌ر له‌ته‌ك ئینسانێك به‌ زمانێك بئاخفی كه‌ لێی تێبگات ، ئه‌وه‌ قسه‌كانت ده‌گاته‌ مێشكی به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ زمانی دایك قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ی ئه‌و قسانه‌ ده‌چێته‌ ناو دڵی . دڵنیام  زمانی دایكی  فه‌یلییه‌كان ناكوژێ ! ئه‌وه‌ كه‌مترین كاره‌ كه‌ خانه‌واده‌كان  به‌ زمانی كوردی مناڵ بدوێنین و فێری بكه‌ن ، دواجار  ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوودا خۆی حه‌زی نه‌كرد ئه‌و زمانه‌ به‌كار بێنێ ئه‌وه‌ باسێكی دیكه‌یه‌ . 

}