2019-06-24 15:34:18

عه‌لی حسێن فه‌یلی/  به‌ روونی نازانرێ  ژماره‌ی دۆسیه‌‌ی كوردانی فه‌یلی له‌  ده‌زگاكانی میری وه‌ك  كێشه‌ی موڵكداری، ره‌گه‌زنامه‌، ده‌زگای شه‌هید، رێكخراوی زیندانیانی سیاسی چه‌ندن؟ چه‌ندیان رایی كراوه‌ و چه‌ندیان چاوه‌نواڕی رایی كردنن؟ چه‌ندان  كێشه‌ هه‌یه‌ ‌ ته‌نانه‌ت پێشكه‌ش به‌ لایه‌نی  په‌یوه‌ندیدار نه‌كراوه‌ له‌ كاتێكدا  بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌یان  چه‌ند  مانگ و چه‌ند ساڵ ده‌خوازێ!

به‌ تێبینی رابردووی ده‌ركردنی فه‌یلییه‌كان  و ئێستای گه‌ڕانه‌وه‌یان ، ئاسته‌مه‌  وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ئامارێكی دروستی  له‌به‌رده‌ستدابێ‌!  ره‌نگه‌ هه‌موو بزانن تاوانه‌كان به‌ ئاشكرا كران به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی  كه‌ بزانن میكانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كان ته‌نانه‌ت  به‌  یاساو بڕیاریش ، بێ   به‌دواداچوونی به‌رده‌وام  مسۆگه‌ر ناكرێ ‌.

له‌ روانگه‌ی گشتییه‌وه‌ كاتێك  پرۆژه‌ی تاوانكاری دژبه‌ فه‌یلییه‌كان به‌ به‌عسی كرا  ، سته‌می ئه‌و قۆناغه‌ ،   به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌،  ‌ لێ هیچ  دادگایه‌ك  له‌ قۆناغی سه‌رده‌مدا بڕیاری بێ به‌ڵگه‌ نادات  . هیچ حكومه‌تێكیش بێ به‌ڵگه‌ زیانبژێری بۆ كه‌س ناكات.

یاساو بڕیاره‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مافه‌كان پارێزراوبن و مافی به‌رگریمان  هه‌بێ .   دواجار له‌  پۆلین كردنی تاوانه‌كان و زیانه‌ مرۆیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌م كه‌یسه‌ ، له‌ هه‌رباس و  توێژینه‌وه‌ێكدا، له‌  سكاڵاو  پێشكه‌ش كردنی هه‌ر راو  پێشنیارو داخوازییه‌ك بۆ ئێستاو ئاینده‌ ، بۆ به‌دواداچوون و وه‌رگرتنی  هه‌رمافێك ده‌بێ پشت به‌  به‌ڵگه‌ و زانیاری تۆكمه  ببه‌سترێ.

پێناسه‌یه‌كی  ساده‌ی شه‌قامی عیراقی بۆ كه‌یسی فه‌یلییه‌كان ئه‌وه‌یه‌:  تا خودی ئێمه‌‌ هه‌نگاو نه‌نێین  ئه‌وانیش  هانامان ناده‌ن. با ‌ خیانه‌ت‌ له‌ خۆمان و ئه‌وانه‌ش نه‌كه‌ین كه‌ پشتیوانمانن ! له‌ روانگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌، راسته‌ كه‌س ناخوازێ سته‌می لێ بكرێ  به‌ڵام تا هۆكاره‌كانی سته‌م بمێنن زوڵم  به‌رده‌وام ده‌بێ‌ .

له‌ ئێستاو داهاتووشدا، یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ده‌بێ یارمه‌تی و هانای بده‌ین  هه‌میشه‌ خۆمانین  و  رێگه‌ی دروست  ئه‌وه‌یه‌ له‌ بازنه‌ی بێتوانایدا نه‌مێنین چونكو دادگه‌ریه‌كه‌ی ئه‌م دنیایه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ؛  دژی سته‌مكار یان ته‌نانه‌ت  سته‌ملێكراوی بێ ئیراده‌ ده‌وه‌ستێ!

زۆر له‌ مێژه‌،  كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی  چاوه‌نواڕی بڕیاری خودی فه‌یلییه‌كانه‌ كه‌  وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی ‌ توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ ده‌روونیاندایه‌ ‌ رێگه‌ی‌ به‌هێزتربوون و وشیارتربوون  هه‌ڵده‌بژێرن   یان به‌و دۆخه‌ رازی ده‌بن   كه‌ دووره‌  له‌ متمانه و هه‌وڵو چالاكی بوێرانه  و ژیانی ئێستایان تیایدا چه‌قیوه‌  

    

YesIraq
}