2019-05-10 15:44:26

ئاشکرایە کەوا پێشترێتی هێز و دەسەڵات گۆڕاوە، لەم سەدەیە، سەدەی بیست و یەك، لە جیهاندا جەنگە ئابووریەکان بوون بە جێگرەوەی جەنگە باوەکان. جەنگی نوێ هەوڵێکە بۆ خاوەندارێتی و بە بازاڕکردنی تەکنەلۆژیا.

لە سەدەی بیستەمدا پۆڵا و خەڵووز و ئۆتۆمۆبێل و فرۆكە و کەشتی و بەرهەمهێنانی چڕ سەرچاوەی هێزی نیشتمانی بوون. بەڵام ئەمڕۆ بنەمای ئاسایش و دەسەڵات زۆر جیاوازە، ئەمەش بە ڕوونی لە جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا بەرجەستە دەبێت، کە ڕەهەندی ئاسایشی و سیاسی لە خۆ دەگرێت.

بە هاتنی سەرۆك دۆناڵد ترامپ بۆ سەر دەسەڵات ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی باجی دا بەسەر هاوردنی ئاسن لە وڵاتی چینەوە.

لە لای خۆیەوە وڵاتی چین هەمان کاری بەرامبەر بە ئەمریکا نواند، جەنگی نوێ گەیشتە ئەو ڕادەیەی هەر یەك لەو دوو لایەنە ئەوی تر بە سیخوڕ دادەنێ و دەڵێ تۆ مایەی هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەم.

زیندووترین نموونە بۆ ئەم جەنگە کێشەی کۆمپانیای "هواوی" یە، کە هێشتا بەردەوامی هەیە. کەس نازانێ مەودای ئەم جەنگە، کە شێوازی سیاسی لە خۆی دەگرێ، دەگاتە کوێ. هەرچەند ئێمە وای دەبینین، کەوا ئەم جەنگە شێوازێکی بازرگانی پەتی هەیە.

خاتوو کریستین لاگارد، سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی دراو ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کەوا ناکۆکی بازرگانی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری جیهان.

هەرچەند لاگارد هێشتا بێ هیوا نیە لەوەی، هەردوولا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ بگەن بە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ کەمکردنەوەی ململانێی زەقی نێوانیان.

لە دیدی ئێمەوە ڕێکەوتنی بازرگانی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  کۆتایی بە کێشەی نێوان ئەو دوو زلهێزە ئابووریە ناهێنێ، چونکە کێشەی نێوانیان چوارچێوەی بازرگانی تێپەڕاندووە و خۆی لە ململانێی هەژموون دەبینێتەوە، ململانێ لە نێوان دوو دیدی جیاواز سەبارەت بە جیهان.

بۆیە ئەگەر ئەو دوو زلهێزە بگەن بە ڕێکەوتنی بازرگانی یان نەگەن، ئەوا دەکرێ ئەم بابەتە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە کاریگەریەکی سنووردار وەکو كێشە دابمرکێ، بەڵام ململانێی جیۆسیاسی نێوانیان بە دڵنیاییەوە ئاڵۆزتر و چارەسەرەکەی قورستر دەبێت.  

لە قۆناغی داهاتوو ڕکابەری نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بواری کەرتی تەکنەلۆژیای زیندەکاری دەبێت. هەردوولا هەوڵ دەدەن، هەڵوێستی خۆیان جێگیر بکەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن، کەوا هێزی پێشەنگن لەو بوارەدا.  

دیارە گواستنەوەی تەکنەلۆژیا گرینگترین بابەتی دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو گەورە ئابووری جیهان بووە لەسەر بازرگانی.

لەم سەردەمە گەشەسەندن و دەوڵەمەندی و ئاسایشی ئابووری هەر دەوڵەتێ پەیوەستە بە پاراستنی سەرکەوتنی ئەو دەوڵەتە لە بواری تەکنەلۆژیا.  

لەم ساڵانەی دوایی بە هۆی هەژموونی چین لە سەرتاسەری جیهان بێ ئارامی ئەمریکا بەرامبەر بە چین زیادی کردووە.

دەستپێشخەری "پشتێنەی ئابووری" و "ڕێگای ئاورێشم" و گەشەکردنی هەژموونی کۆمپانیا چینیەکانی، بۆ نموونە هواوی و عەلی بابا، ئەو نائارامیەی ئەمریکا بەهێزتر دەکەن.

مایك پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ بە ڕوونی هەستی حکومەتەکەی دەربڕی. ئەو ووتی: "چین لە بری هاوبەشی ڕێگای دوژمنایەتی ئابووری هەڵبژاردووە."  

ڕۆژئاوا ئیتر لەوە بێ هیوا بووە، کەوا چین نموونەی ڕۆژئاوایی بە توندی بگرێتە بەر. لە ئێستادا ڕۆژئاوا دان بەوە دەنێ، کەوا ئابووری چین هاوتەریب لەگەڵ ئەو سیستەمەی لەو وڵاتە لە لایەن حکومەتەوە پەیڕەو دەکرێ، گەشەی کردووە، نەوەك بە پیچەوانەوە.

لە ئێستادا چین بە ئاشکرا خواست و ویستەکانی خۆی دەخاتە ڕوو، بۆیە کەس لەو باوەڕەدا نیە، کەوا چین نموونەی "لیبرالی دیموکراسی ڕۆژئاوایی" پەیڕەو بکات، یان بەرەو ئابووری بازاڕ هەنگاو بنێت، وەك پێشووتر لە چین چاوەڕوان دەکڕا.

لە ئێستادا لێك خشاندن هەیە لە نێوان دوو جۆرە ئابووری: ئابووری بازاڕی ئازادی ڕۆژئاوایی بە پرنسیپەکانی واشینتۆن و ئابووریەکی زەبەلاح و پێشکەوتوو لە ڕووی تەکنەلۆژیا، کە بە شێوازێکی ناوەندێتی چینی بەڕێوە دەچێ. چین گەمەکە بە مەرجی زۆر جیاواز دەسوڕێنی.

ئەم دوو ڕژێمە سیاسیە جیاوازە ناکرێ وەکو هاوبەش لەگەڵ یەکتر لە ناو سیستەمی ئابووری جیهان بگونجێن.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، كێ بڕکێی تەکنەلۆژیا خێراتر و زیاتر بێت و ئەمریکا بەردەوام بێت لە جێ بەجێکردنی میکانیزمی تر، کە هیچ پەیوەندیەکی بە پێناسەی بازرگانی نەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چین.

ئەمریکا لەم بوارەدا کار دەکات بۆ سنووردارکردنی وەبەرهێنانی جینی لە ئەمریکا و دیاری کردنی توانایی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنی تەکنەلۆژیا بۆ چین و زیادکردنی فشار بۆ سەر کۆمپانیاکانی چین. تاوەکو ئێستا گۆڕانکاریە سەرەکیەکان، کە بە هۆکاری جەنگی بازرگانی درووست بوون، لە بەرژەوەندی چین تەواو بووە.

چین هەوڵی پاراستنی ئەو دەسکەوتە دەدات تا دەگات بە ساڵی ٢٠٢٠. ئەو کاتە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە بە تەواوی.

ئایا دەتوانێ؟ لەوانەیە.

YesIraq
}