2019-04-15 19:19:31

عه‌لی حسێن فه‌یلی / ناچێته‌ عه‌قل رۆحانی هاتبێته‌ عیراق بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگی ئه‌مریكا بكات ، ترامپیش بۆ ئه‌وه‌ نه‌هات پلانی رووخاندنی رژێمی ئیران داریژێ ! سه‌ردانی هه‌ردوولایان‌ بۆ وڵاتێك كه‌ هه‌رچه‌ند رۆژ جارێك به‌ قه‌یرانێك ده‌هه‌ژێ، خوێندنه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆ ده‌كرێ.

سێ مانگ پێش ئێستا ترامپ ، ئێستاش رۆحانی هات ... سبه‌ی كێ دێ؟ ره‌نگه‌ ئه‌مریكا بیر له‌ رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئیران بكات به‌ڵام عیراقیه‌كان ( اضعف الايمان) ئه‌هوه‌ن بوونی دۆخی سیاسی و ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌یان ده‌خوازن.

دروشمی مردن بۆ ئه‌مریكای ئیران ، عیراق له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی دوور ناخاته‌وه‌ . كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، له‌ ئه‌جینداو به‌رنامه‌ی ئه‌و ولاتانه‌ كه‌ ده‌گوترێ دوژمن و نه‌یار به‌یه‌كن ‌ مه‌سه‌له‌ی به‌رژه‌وه‌ندی عیراق بوونی نییه‌.

راێك هه‌یه‌ ‌ كه‌ ده‌ڵێ ؛ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌ سه‌ر خاكی عیراق ده‌بینرێ به‌ پێی‌ سناریۆی نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه‌. بێ ئه‌وه‌ی باسی كارلێكردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ دۆخی ناوخۆیی عیراق و شوێنهاته‌ دوور مه‌وداكانی له‌ ئاینده‌دا بكات. ‌ به‌ دیدی لایه‌نێكی دیكه‌ ئه‌و هاتن و چوونانه‌ بۆنی هه‌ڕه‌شه‌ و بشێوی و دواجار جه‌نگ ئه‌دات. روایه‌ته‌كان هه‌رچی بێ ‌ نابێ له‌بیر بكرێ ئه‌مریكای سه‌رده‌می ترامپ جیا له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی و مووشه‌كی سنووردار ، ته‌نانه‌ت یه‌ك جه‌نگی نه‌كردووه‌ كه‌ خه‌نیم و نه‌یارێكی راسته‌قینه‌ی بڕوخێنێ! ئێرانی سه‌رده‌می رۆحانیش له‌ جوگرافیا و ناوچه‌كانی جێ هه‌ژموونی خۆی یه‌ك بست پاشه‌كشه‌ی نه‌كردووه‌ . ئه‌وه‌ ئه‌مریكایه‌ باس له‌ جه‌نگی دژبه‌ تیرۆر ده‌كات و ئێران به‌ سه‌رچاوه‌ی تیرۆر له‌ جیهان ناو ده‌بات. ئه‌وه‌ ئێرانه‌ به‌ ئایدۆلۆجیا باس له‌ به‌ره‌ی خۆڕاگری ده‌كات و ئه‌مریكا به‌ گه‌وره‌ ئیمپریالیزم ناو ده‌بات. عیراقیه‌كان حه‌یرانن كه‌ له‌ كاتێكدا سیمای حوكمڕانی زۆر وڵات گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، چل ساڵه‌ ئه‌م دوو دوژمن و نه‌یار به‌ یه‌كه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی یه‌كلا كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان به‌ جه‌نگ یان به‌ ئاشتی . ‌ سه‌رباری گه‌مارۆ سه‌خته‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئیران ‌، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانه‌كانی هێشتا دوو دڵن له‌ راستگۆیی ئه‌و وڵاته‌ بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌. له‌ ئێستادا ، خاكی عیراق ئه‌و گۆڕه‌پانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكاو ئێران له‌ هه‌رشوێنێكی دنیا لێك نزیكترن بێ ئه‌وه‌ی پێكدادانێك له‌ نێوانیاندا رووی دابێ. ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ساڵه‌هایه‌ هه‌ردوولا ، بۆ پاراستنی پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن‌ ، لێ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خودی حكومه‌تی عیراق له‌م به‌ستێنه‌دا چ ده‌ورو نه‌خشێكی هه‌یه‌ ‌، ئایا ده‌توانێ هاوسه‌نگی رابگرێ؟

بێگومان سیاسه‌تی ئه‌مریكا دابینی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی خۆی و هاووڵاتی خۆیه‌ ‌، لێ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ هه‌وڵدان بۆ خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیانی له‌ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی ته‌فسیر ناكرێ . راسته‌ ترامپ بێ پێشوازی هیچ به‌رپرسێكی عیراقی و به‌ شاراوه‌یی و له‌ تاریكیدا سه‌ردانی عیراقی كرد و رۆحانی به‌ ئاشكرا و به‌ ره‌سه‌می و به‌ رۆژی رووناك پێشوازی لێكرا! هه‌رچه‌ند كۆتا ئه‌نجامه‌كان هێشتا نادیارن ، لێ هاوپه‌یمانه‌ كانی ئێران ، به‌ ئاشكرا مامڵه‌ به‌ راده‌ی دوژمنایه‌تی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن ، له‌ كاتێكدا ‌ساڵه‌هایه‌ دۆستانی ئه‌مریكا له‌ عیراق، به‌ هۆی سیاسه‌ته‌ ناڕوونه‌كانی ، ته‌نانه‌ت شه‌رمنانه‌ به‌ره‌وانی له‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ سیاسی و جیۆستراتیژی وه‌هادا‌، سیاسه‌ت گه‌لێك بێ به‌زه‌ییانه‌ و ته‌نانه‌ت بێڕه‌وشتانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لان ده‌كات . مه‌رج نیه‌ بۆ جه‌نگ، به‌ڵام عیراق گه‌وره‌ شوێنی مشتومڕو گۆڕه‌پانی زۆرانبازی ئه‌مریكاو ئیرانه‌. ترامپ و رۆحانی ده‌زانن له‌ عیراق چی ده‌خوازن و چی ده‌كه‌ن ، ته‌نیا ئه‌وه‌ حكومه‌تی عیراقه‌ كه‌ وه‌ك ده‌گوترێ ئه‌گه‌ر نێوه‌ندگیرییه‌كه‌ی سه‌ری نه‌گرت و به‌ دیدی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ هێلێ سووری سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییان ببه‌زێنێ، گریمانه‌ی زۆره‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌م وڵاته‌ بكه‌وێته‌ ‌ناو گێژاوی جه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی‌ و مه‌زهه‌بی یان په‌لاماره‌كانی هاوشێوه‌ی داعش .‌ له‌ دۆخێكی وه‌هادا، ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عیراق پارێزراو نه‌بێ، . شوێنهاتی ئه‌م ده‌ستوه‌ردانو هاتن و چوونانه ، هیچی‌ له‌ قازانجی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ ‌نابێ و ناكرێ له‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش كه‌ تا ئێستا به‌ده‌ستهاتون دڵنیا بین

YesIraq