2019-08-22 22:24:57

دکتۆر سامان سۆرانی

زمان ناونیشانی بوون و شوناسە, چونکە زمان گەنجینەیەکە بنەماکانی وابەستەبوون و هزری
ئایندە لە خۆ دەگرێت.
تیۆری ئەڵمانی سەبارەت بە زمان، کە بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی (ئایدیالیستی)
"هێگل"، بنەمای نەتەوە (شوناس) و پێوەرە دروستەکەی بە زمانەوە گرێ دەدات.
لەم چوارچێوەیە فەیلەسوف ئەڵمان "هێردەر" دەڵێت، دڵی گەل لەناو زمانی گەل لێدەدات و
ڕوحی گەل لە ناو زمانی پێشینان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەو دەڵێت، زمان چەشنی سندۆقێکە گەل هەموو هزری پڕ بەهای خۆی و نەریت و فەلسەفە و
باوەڕەکانی لەناویدا کۆدەکاتەوە.
"فیشتە"ی فەیلەسوف، دامەزرێنەری ئایدیالیستی ئەڵمانی دادەنرێت، دەڵێت "ئەو کەسانەی
بە یەك زمان دەدوێن پێکهاتەیەکی تۆکمە پێك دەهێنن و بە دڵنیاییەوە سروشت ئەو کەسانە بە
پەرژینێکی ئەستوری نەبینراو بە یەكەوە گرێ دەدات.
ماکس نۆرداو، سیاسەتمەدار و دامەزرێنەری ڕێکخراوی زایۆنیستی جیهانی، سەدساڵ دوای
بڵاوبوونەوەی بۆچوونی فەیلەسوفە ئایدیالیستە ئەڵمانیەکان باس لە گڕیدانی زمان دەکات
وەکو ئامرازێك بۆ پەیوەندی لە نێوان تاك و کۆمەڵ، زمان وەکو ئامرازێك بۆ داهێنانی
ڕۆشنبیری و بەدەستهێنانی زانیاری، زمان وەکو ئامرازێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی، کە لە
سایەیدا دیموکراسی و دادپەروەی دەستەبەر دەکرێت.
پێمان وایە ئەو نەتەوەی مێژووی خۆی لە بیر بکات، هەستی نەتەوەیی لە دەست دەدات.
بەڵام شوناسی ڕۆشنبیری کاتێ بێ کەم و كورتی دەبێت و تایبەتمەندی شارستانی خۆی
دەردەخات، ئەگەر سەرچاوەکەی لە کیانی کەسێك بەرجەستە بوو، کە هەڵگری سێ فاکتەر
بێت: نیشتمان، نەتەوە، دەوڵەت.

فەیلەسوفی ئەڵمانی "هایدیگەر" دەڵێت، زمانی من ماڵی منە، نیشتمان و نشینگەمە، سنووری
جیهانمە، لە پەنجەرەی ئەو ماڵەوە دەڕوانمە ئەم گەردوونە پان و بەرینە.
زمان بەڵگەیە بۆ شوناسی تاك و ناخی مرۆڤ ئاشکرا دەکات، پێمان دەڵێت ئەو مرۆڤە کێیە.
لە قۆناغەکانی ڕابووردوو، کە هەژموونی داگیرکاران بەسەر نیشتمان زاڵبوو، لە ڕێگەی
بەرنامەی داڕێژراو ستراتیژ کار بۆ باڵادەستی زمانی داگیرکار دەکرا بەمەبەستی تواندنەوەی
زمانی كوردی و کەسایەتی تاكی كورد، چونکە داگیرکار پێی وابوو بە کۆنترۆڵکردنی زمان
فەرهەنگی خۆی بڵاودەکاتەوە و بەو شێوەیە دەتوانێت دزە بکات بۆ ناو سەرجەم توێژەکانی
کۆمەڵگا و بۆ هەمیشە یەخسیر بکات.
پێویستە لەسەرمان گرینگی تایبەت بە زمان بدەین، چونکە زمان بنەمای سەرەکی نەتەوەیە و
شارستانیەتەکان پێکەوە گرێ دەدات و نەمریان دەکات. زمان کلیلێكە بۆ داهاتوو، ڕابووردوو
و میراتی نەتەوەیی لە ئامێز دەگرێت.
هێز لە زمان ڕەنگ دەداتەوە، چونکە زۆرجار ژێردەست چاو لە داگیرکار دەکات و پێی سەرسام
دەبێت، لە ڕووی زمان و ڕۆشنبیری و ڕەفتار دەکەوێتە ژێر کاریگەری داگیرکار. بێجگە لەوەش
هەژموونی زمانی داگیرکار دەرهاویشتە و توێژینەوە زانستنی و هونەریەکان و چەمك و
زاراوەکان کۆنترۆڵ دەکات بەمەبەستی پەراوێزخستنی زمانی ژێردەست لە ڕووی زمان و
زانست و هزرەوە، تاوەکو پەرەسەندن و لێهاتوویی بەخۆیەوە نەبینێت.
لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و بەریتانیا، بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان ،کە زیاتر گرینگی
بە زمانی بیانی دەدرێت، بە تایبەتی ئینگلیزی و بە مەرج دادەنرێت بۆ ئامادەکردنی کارنامەی
زانستی، کارنامە زانستیەکان بە زمانی دایك پێشکەش دەکرێن.
زمان بە بەکارهێنان دەبوژێتەوە نە بە زیندە بەچاڵکردنی لەناو دوتوێی کتیبەکان.
زمان و زانینی زمان کاریگەریان هەیە لەسەر دەستەبەرکردنی زانیاری و بەرزڕاگرتنی ئاستی
بەهرەداری و توانستی زانستی.زمانی كوردی دەتوانێت هەژموونی هەبێت بە سەر ژیان و شارستانیەتی مرۆڤایەتی
دەوڵەمەندتر دەکات.
بۆ دامەزراندنی كوردستانێکی هاوچەرخ و سەروەری یاسا و پاراستنی مافی هاوڵاتی و
پابەندکردنی بە ئەرکەکانی، پێویستە زیاتر گرینگی بە زمانی كوردی بدرێت.

FaceIraq
}