2019-04-20 20:36:00

ئاشکرایە کەوا عەقڵی تاك موڵکی خاوەندەکەی نیە، بەڵکو موڵکی ئەو فەرهەنگەیە، کە
دایڕشتووە.
مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ڕۆشنبیر درووستکەری ڕۆشنبیریە، لەهەمان کاتدا خۆی لە ڕێی
ڕۆشنبیریەوە درووست دەبێ.
عەقڵ بە ئەندازەی گەشەکردنی ئەو فەرهەنگەی لەناو ژینگەیدا دەژی گەشە دەکات. ئەو
فەرهەنگە منداڵدانی عەقڵە و نەست ڕام دەکات و ڕەفتار ئاراستە دەکات.
پێش چوونە ناو بابەتی سیاسەتی ڕۆشنبیری، پێویستە ئاماژە بە ڕاستیەك بکرێ، کەوا گەلی
كوردستان مافی سەربەخۆبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی هەیە.
دەوڵەتێ، تیایدا یەکسانی و سەروەری فەرمانڕەواییەکی دیموکراتانە بەرجەستە بێت و مافی
مرۆڤ پارێزراو بێت و سەربەخۆ بێت لە کاروباری نێودەوڵەتی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و
بەها باڵاکانی گەلی كوردستان.
هەروەها شاراوە نیە کەوا سیستەمی دەسەڵاتی دیموکراتی تۆکمە دەسەڵات لەگەل وەردەگرێ
و گەل سەرچاوەی ڕەوابوون و شەرعیەتی ئەو سیستەمەیە. بۆیە ئەو سیستەمە بەردەوام کار
لەسەر ڕێزگرتن لە گەل دەکات و ئەو گەلە بێ بەش ناکات لە و مافانەی، کە شایستەیەتی.
دیموکراتیەت مانای پاشاگەردانی و بێ ڕێزی کردن نیە بە ئاسایشی گومەلگا و شکاندنی ڕۆڵی
دەوڵەت و دامەزراوە و دەسەڵاتی یاسا، بەڵکو مانای دەستەبەرکردنی یەکسانی و ماف و
ئازادی و پاراستنی سەقامگیری و سیستەم و سەروەری یاسا و بەهێزکردنی بەکارهێنانی
تەکنەلۆژیا و برەودان بە پەرەپێدانە.
ئەگەر دەوڵەتێکی دیموکرات بەهێز کرا و پاڵپشتی لە دامەزراوەکانی کرا، ئەوا ئەو دەوڵەتە
دەتوانێ کۆمەڵگا لە دیارەدە و نەخۆشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ململانێ بپارێزێ.

لە دەوڵەتێکی دیموکراتی بەهێز ئازادی و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەبووژێتەوە،
دامەزراوەکان دەتوانن لە پێناو هاندانی ڕوحی لێکتێگەیشن و سازان و پێکەوەکارکردنی
هەموو لایەنەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە ناکۆکی بەڕێوەبەرن.
هەر شتێ لەسەر گریمانەیەکی درووست دامەزرێنرا، ئەنجامێکی ڕاست و درووستی لێ
دەکەوێتەوە.
بە پێویست دەزانرێ حکومەت بە شێوەیەکی کارا هەوڵ بۆ پاراستنی سیستەمی دیموکراتی
بدات، لە هەمان کاتدا پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بکەرە سیاسیەکان و
هێزەکانی ئاسایش پشتگیری تەواو لە حکومەت بکەن.
لە ڕابووردوودا و لەسەردەمی ڕژێمە ستەمکارەکانی حوکمڕان لە عیراق، بە تایبەتی لە قۆناغی
ڕژێمی تۆتالیتاری و دیکتاتۆریەتی بەعس لە توانای ڕۆشنبیری نەبوو لە کەش و هەوایەکی
ئاڵودە گەشە بکات یان ببووژێتەوە.
ئەو کاتە سیاسەت بە بەردەوامی ڕووبەڕووی کەسی سیاسی دەبۆوە و کاری بۆ مژینی
هەوڵەکانی ڕۆشنبیر دەکرد و ڕۆشنبیری لەسەر بەرنامە و کارە لە پێشینەکانی ڕژێمی ستەمگەر
و ئەجینداکانی ڕا دەهێنا و هەوڵی دەستەمۆ کردنی دەدا.
ڕۆشنبیر تێکەڵ بە سیاسەت دەبوو، بەڵام لە ناو بێ ئاگایی دەژیا. کاروباری ڕۆشنبیری
بازنەیەکی لاواز بوو و گرینگی پێ نەدەدرا. ڕۆشنبیری لە خزمەت سیاسەتدا بەکاردەهێنرا و لە
ئەنجامدا ڕۆشنبیر لاواز دەبوو لە گێڕانی رۆلی ڕاستەقینەی خۆی، تەنانەت بە میکانیزمەکانی
خۆی بیری نەدەکردەوە و بە بێ بەرنامە و بێ هەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون دەیڕوانیە چەمکی
بەرپرسیارێتی.
هەر ڕۆشنبیرێ خۆی بە کاروباری ڕۆشنبیری سەرقاڵ بکات، دید و پێشنیاری سەبارەت بە
کاروباری گشتی دەبێ.

ئەمڕۆ دیموکراسیەت لە هەرێمی كوردستان گەشەی کردووە و ڕەگی دادەکووتاوە، خەریکە
شتەکان دەگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی سروشتی خۆیان، ئەگەر چی هەنگاوەکان دەتوانن خێراتر
بکرێن.
ڕۆشنبیر خامەی ئازادە و ڕەخنە لە کەسایەتی سیاسی و دەسەڵاتدار دەگرێ و بە بەکارهێنانی
میتۆدی گومانی هزری توانایی و ناتواناییان هەڵدەسەنگێنێ.
لە ئێستادا ژمارەیەك لە ڕۆشنبیر درووست بووە، بە ناوی خۆی قسە دەکات، دوور لە
بەکارهێنانی زمانی ئایدیۆلۆژیا و بانگخوازی و بەرگری کردن لە شوناسە چەقبەستووەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆشنبیری هێشتا وەکو پاشکۆیەک لە پاش سیاسەت هەنگاو دەنێ و خۆی
لەناو دووتوێیەکی تر دەبینێتەوە، بێ ئەوەی خاوەندی ڕووخساری خۆی بێت. ئەمە وا لە
ڕۆشنبیری دەکات بەردەوام لەبەردەم سیاسەت هەرەس بهێنێ.
کەواتە پێویستە لەسەر ڕۆشنبیری، کە لە پەیوەندیەکی ڕەخنەگرانەیە لەگەڵ خود و ناخی
خۆی، مومارەسەی زیندووەتی و باڵادەستی خۆی بکات و لە ڕێگەی ئەو تواناییە لەڕادە
بەدەرەی، کە هەیەتی، پێستی خۆی داماڵێ و بە بەردەوامی ناخی بگۆڕێ.
چونکە تەنها لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ بابەتی نوێ و داهێنەرانە و ڕەسەن و پێگەگەیشتووی
وەکو داڕشتن و نموونە و یاسا و ڕێسا بەرهەم بهێنێ.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو وەرچەرخانەی ڕوودەدەن ، لە بواری بیر و چەمکەکانی، کە ئاراستەی
دەکرێن، ، پێویستە ڕۆشنبیر هاوبەش بێ لە بەرهەمهێنانی چەمك و دیدگاکان و لە
بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی.
ڕۆشنبیری شێوازێکە لە بوون، لە ناو نەست ڕەگ دادەکوتێ و لە ناو قووڵایی بیرەوەری
سەقامگیر دەبێ و دەبێ بە شوناسێك، مرۆڤ لەسەری ڕادێ. بە لەدەست دانی مرۆڤ هەست
بە کەماسی و بۆشایی و تەنهایی دەکات.

ڕۆشنبیری لە دەق و وتار و دەزگا و پرۆژە و ڕەفتارەکان ڕەنگ دەداتەوە. ڕۆشنبیر لە سەردەمی
پێوەندی پشکدارە لە درووستبوونی فەزایەکی هزری و کەش و هەوای هاوبەندبوون و جیهانی
چەمكەکان، ئەرکی ڕۆشنبیر نیە، نەفەرەت و بەردباران بکات یان بە شان و باڵدا هەڵدات، بەڵکو
کاری ئەو دووبارە بیرکردنەوەیە لە سیستەمی هزر و بەهاو دەرئەنجامەکانی، بۆ دووبارە
پێکەوەنانی ڕۆشنبیری کۆمەڵگاکەی.
پاش بەرجەستەبوونی دیاردەی بە جیهانیبوون ئیتر هیچ شتێ وەکو خۆی نەماوە.
Édouard Herriot (دەوڵەتمەداری فەرەنسا، ١٨٧٢-١٩٥٧) دەڵێ: " کاتێ ئەو هەموو
شتەکانی تری لەبیر دەچێتەوە، ڕۆشنبیری تەنها شتە، کە لە مرۆڤدا دەمێنێتەوە."
لە کۆتاییدا: پێویستە ڕوودواەکان بخوێنینەوە تاوەکو بتوانین پشکدار بین لە پرۆسەی
داهێنان بەمەبەستی فراوانترکردنی ئاسۆی بوونمان و دەوڵەمەدکردنی دەرفەتەکانی ژیانمان.
دکتۆر سامان سۆرانی

YesIraq