2019-05-13 22:00:00

سوندس میرزا/ راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانایان ده‌بێژن ؛  مێشكی مرۆف به‌ درێژایی مێژوو )ئابدیت( ده‌بێ به‌ڵام  ئه‌و مێشكه‌ی ئێستا به‌كاری دێنین،  100 هه‌زار ساڵ پێش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ . واته‌  كۆمه‌ڵگای سه‌رده‌م ، ئه‌و مێشكه‌ به‌كار دێنێ كه‌ پێشینان به‌ر له‌  100 هه‌زار ساڵ به‌كاریان هێناوه‌.  له‌م سۆنگه‌وه‌ ، له‌ عیراقێكدا كه‌  قه‌واره‌ سیاسیه‌كه‌ی  100 ساڵه‌ دامه‌زراوه‌،  چاوه‌نواڕی  گۆڕینی  ده‌ستوبردی ئه‌قلیه‌تی ده‌سه‌ڵات گه‌لێك زووه‌. كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كانی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه دێنێته‌ یاد كه‌ یاده‌وه‌رییان هێنده‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌یه‌ له‌ حوكمدان. (هه‌ر رژێمیكی به‌ فه‌رمه‌ت كردنی به‌رنامه‌ و پلانی كاركردن ، دیسان له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات). وه‌ك ده‌بینین له‌ مێژووی نوێشدا، هه‌رچه‌ند به‌هاری عیراقی له‌ ساڵی 2003 به‌ رووخاندنی دیكتاتۆری ، هه‌شت ساڵ پێش به‌هاری عه‌ره‌بی كه‌وت. لێ سه‌ركرده‌كان بۆ‌ بنیات نانی  وڵاتێكی دیموكرات و ئارام و سه‌قامگیر، نه‌ ته‌نیا له‌م ده‌رفه‌ته‌ سه‌رنه‌كه‌وتن  به‌ڵكو كه‌وتنه‌ ژێر هه‌ژموونی وڵاتانی ده‌ورو‌به‌ر. بنه‌مای هاووڵاتی بوون،  ئازادی بیروباوه‌ڕ ، مافه‌كانی مرۆڤ ،  دیموكراسی و  ماف وناسنامه‌ی پێكهاته‌‌كان ، ته‌نیا له‌ ده‌ستوور بوونه‌ ‌‌ بنه‌مای ده‌وڵه‌ت سازی، له‌ واقیعدا سه‌رباری هه‌وڵێكی زۆر، نه‌بوونه‌‌  بنه‌مای ده‌وڵه‌تمه‌داری. تا نهۆ بڕیاربه‌ده‌ستان نكۆڵی ده‌كه‌ن كه‌ له‌سای كێشمه‌كێش و بگره‌و به‌رده‌ی  هزری  تایفی و قه‌ومی نه‌ ته‌نیا ده‌وڵه‌تێكی هاوسه‌نگی  پێ بنیات نانرێ،  به‌ڵكو  ئه‌مانه‌ به‌پێی سه‌نگی‌ خۆیان ،‌ به‌شێكن  له‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی .  ئه‌وه‌ش لایه‌نه‌كانی ناچار كرد‌وه‌  ‌بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناسنامه‌ی سروشتی و مێژوویی و فه‌رهه‌نگی خۆیان. ‌ ‌لای كورد كوردستانی بوون، ‌لای سوننه‌ سوننی بوون ، له‌ لای شیعه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نۆستالۆجیای شیعی. پێكهاته‌كانی  دیكه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ره‌و ره‌هه‌ند و سنووره‌كانی ناسنامه‌ی خۆیان چوونه‌ته‌وه‌‌.

هه‌رچه‌ند له‌ ئێستادا حكومه‌تی به‌غدا، پاش ده‌یان ساڵ هه‌ڵه‌كاری و كات كوشتن و وڵات كاولكردن ، شێوازی ئاخافتنی  گۆڕیوه‌‌ .  لێ هێشتا بوێر نیه‌ كه‌ بڵێ؛  له‌ ساڵانی  رابردوودا ده‌رفه‌ت ره‌خسا، به‌ڵام حكومه‌ت نه‌یتوانی ژینگه‌ی فره‌یی بۆ هاووڵاتیان و دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بنیات بنێ.  ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ ، له‌ وڵاتێكی وه‌هادا ، بۆ ئاینده‌ش ، هه‌رلایه‌نێك بخوازێ به‌ شوێن چاره‌نووسی خۆیدا بچێ  و داوای مافه‌كانی بكات ، به‌و ئه‌قلیه‌ته‌ كۆنه‌ی  حوكمڕانی، هه‌ڕه‌شه‌ و پاشان جه‌نگ ده‌رئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌  بۆی‌. له‌ ڕاستیدا  سێ گۆشه‌ی كورد ، شیعه‌ و سوننه‌، له‌ هه‌لومه‌رجی دیفاكتۆی ئێستادا ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بنه‌مای پارێزگاری له‌ مافه‌كان كۆیان بكاته‌وه‌ ، راده‌ی ‌دژایه‌تی لێك نزیك و دووریان ده‌كات‌ ‌. ئیدی هه‌موویان به‌ره‌و ئه‌و واقیعه‌ چوون‌ كه‌ له‌ناو خۆشیاندا به‌ره‌ی جیاواز و دژایه‌تی هه‌بێت . به‌ تێبینی ئه‌و راستیانه‌، ره‌نگه‌ هاووڵاتی  په‌یجۆری ئه‌و پرسیاره‌ بێ و بخوازێ بزانێ داهاتووی عیراق چی ده‌بێت؟ به‌ دڵنیایی، پێشنیارو ماندوو بوونه‌كان بۆ  ده‌رچوونی عیراق  له‌ قه‌یرانه‌كان و مانه‌وه‌ی به‌ یه‌كپارچه‌یی هاوسه‌نگ نین. له‌ كاتی تێكچوونی هاوسه‌نگی ته‌نانه‌ت له‌ سروشتدا ،  كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌، لافاو، زریان وئاگركه‌وتنه‌وه‌ ئاساییه‌. 

 

 

YesIraq