2020-03-02 20:03:00

وڵاتێک دابەشبوونی شاوڵی و ئاسۆیی بووبێت ، واتە دابەشبوونی مەزھەبی و نەتەوەیی و سیاسیەکەشی بەھۆی دەسەڵات و ناوچەی نفوزەوە بووبێت بە دابەشبوونی شاوڵی و ، دابەشبوونە ئاسۆییەکانیشی بەسیاسی و حیزبی و مەرجەعی کرابن ..

  وڵاتێک ھیچ سیادەیەکی ڕاست و دروستی نەبێت ..

 وڵاتێک بێ ھیچ سیستمێک بەڕێوەببرێت..

وڵاتێک میلیشیا تێیدا دەسەڵاتدارتربێت لە سوپای نیشتمانی و سوپاکەشی بەناو نیشتمانی بێت ..

 وڵاتێک لەقاموسیدا شەفافیەت نەبێت ..

 وڵاتێک نەدیموکرتی بێت نە دیکتاتۆریەت ..

 وڵاتێک شەقامی ڕاپەڕیوی ھیچ حیزب و ھێزێکی قبووڵ نەبێت لەبەر تێوەگلانیان بە گەندەڵی و خۆیشی نەتوانێت بەدیلێکی کرداری و لۆژیکی بۆ حوکمڕانی بدات ..

 وڵاتێک بە بەشبەشێنی تاپۆ ئاسا بەڕێوە بچێت و ھەموو خاوەن بە شێکیش لەبەر ئەوەی تاپۆیە خاوەنی ڤیتۆ بێت ..

 وڵاتێک پارەی نادیاری نەوتی ڕۆژانەی کەس نەزانێت چەندە ..

 وڵاتێک ٣٦٠ ملیار دۆلاری چەند ساڵی ڕابردووی ئەنفال و بێ سەروشوێن کرابێت و کەسیش بۆی نەبێت بەدواداچوونی بۆ بکات ..

  وڵاتێک ھاووڵاتییەکانی باوەڕی بەھیچ سیاسەت و سیاسی و حیزب و ھێزێک نەمابێت ..

 وڵاتێک ڕێژەی ھەژاریەکەی ھەموو پێوەرەکانی بەزاندبێت و لەسەر دەریایەک نەوت و گاز بێت ..

  وڵاتێک ئەوە سەردێڕی بارودۆخەکەی بێت ئایا بەھەموو پێوەر و ویژدان و لۆژیکێک سەرەک وەزیران و سەرەک کۆمار و پەڕلەمانی بۆچیە ؟وەزارەتی دارایی و نەوت و ناوخۆی بۆ چیە؟ قەزای بێ دەسەڵاتی بۆ چیە ؟ سوپاو مەسرەفی سوپای بۆ چیە؟

 تەنھا یەک لیژنە ھەبێت بۆ کۆکردنەوەی پارەی نەوتی ڕۆژانەو بخرێتە سندوقێک و مانگانە وەک مووچە سەرفی کەن ..

 یان باشتر بڵێین ئەمە کەی دەوڵەتەو کەی پایەکانی دەوڵەتی تێدا ماوە ؟ ئایا ئەمە کات کوشتن نیە ؟ ئایا بەردەوام بوون لەسەر ئەم حاڵەت و دۆخە نەوەکانی ئەمڕۆ و ئایندەی ئەم نیشتمانە بێ ئەرز و ئاسمانە بێ دەزگا و دوکانە ، بەرەو نادیارو بێ ئومێدی ھەتا ھەتایی نابات ..

  من پێشنیار دەکەم :

 سەرکردەکان

مەرجەعەکان

دڵسۆزەکان

عاقڵمەندو خەمخۆرەکان

لە شیعە ، لە سوننە ،لەکورد ، لەتورکمان ، لە ئاشووری ، کۆببنەوە ئەم قسانە رۆشنتر لەگەڵ یەکتر بکەن و بەبڕیارێک و لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان کۆتایی بەم عێراقە بێنن کە نەئیرادەی ئیقلیمی و نە ئیرادەی دەولی نایانەوێت ببێت بە دەوڵەتێکی شکۆمەند و بەھێز و کاریگەر و ناھێڵن جارێکیتر لەسەر پێی خۆی بوەستێت ھەرگیز عێراقێکی بە ھێزی ئابووری و سەربازی و دیبلۆماسی نابینینەوە ، ئەو ئیرادە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە تێکەڵ بووە بە سێ ستراتیجی شیعی سوننی کوردی لێک دوورو لێک جیاواز ، کەواتە تاکەی کات کوشتن؟، ئەم دۆخە لەوەزیاتر درێژە بکێشێت لە قازانجی ھیچ لایەکدا نیە ..

 محمد رەئوف محمد

 

}