چوارینه‌ی دیپلۆماسی له‌ ئیداره‌ی نێچیروان بارزانی

Category: وتـار

Date: 2020-04-07T18:11:42+0000

 

به‌در ئیسماعیل شیرۆكی / کوردیش تەبای گەلانی جیهان کەوتۆتە سەر شاڕیی سەردەمێکی پڕ لەزانیاری . یەکێک لە خسڵەتەکانی ئەم سەردەمە دەستپێڕاگەیشتنی خێرایە بە هەواڵ و زانیاری هەمەچەشن، کە لە هەموو گۆشە و کەلەبەرێکی ئەم جیهانە زۆر بەئاسانی دەکەوێتە دەست هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی .

گرنگی ئەم پرۆسەیە لەو قۆناخە زەمەنیەدا، بەهۆی زانیاری بەخشین بە گشت نیە، بەڵکو لە رووی ستراتیژییەوە بەهۆی ئەوەیە، کە سەرکردە سیاسیەکان لە رێگای هاتوچۆی ئاسانی ئەو زانیاریانەوە، چەند دەتوانن سەرنج و فۆکەسی جیهان بخەنە خزمەت بەرژەوەندی وڵات و گەل و نەتەوەیان، ئەوەیان بە هێزی نەرم و گەوهەری دیپلۆماسی و لێزانی سەرکردەی هەر وڵاتێک هەژمار دەکرێت .

لەگەڵ دەستپێکی سەدەی بیست ویەک، سیاسەتی دیپلۆماسی، لە بری دیپلۆماسی سیاسی، وەکوو رێکارێکی جێی پەسەندی کۆمەڵگەی جیهانی، نە بەتەنێ لە پێناوی رێکخستنی پەیوەندی و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵکوو وەکوو چارەسەرێکیش بۆ رزگاری و پرسی ئازادیخوازی گەلانی ژێردەست، لە شوێنی بزاڤی شۆڕشگێڕیی چەکداری، بووەتە جێگای بایەخی بیروڕای گشتی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و مەیڵیک هاتۆتە ئاراوە، کە ئیدی دانووستان و گفتووگۆ، وەکوو شوێنگرەوەی خەباتی شۆڕشگێڕی پێشوازی لێدەکرێ .

لە کوردستانیش شەپۆڵە دەنگیەکانی ئەم دەرکەوتن و گۆڕانکاریە سیاسی و دیپلۆماسی و فەرهەنگە جیهانییە، زۆڕ بەڕوونی بیسترا و کاریگەری دانا، بەڵام بە جۆرێک داهێنانی تایبەتی و جیاواز . ئەوەش لە دوای دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆک وەزیران، هەر لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیروان بارزانی، جیاواز لە ئەرک و ڕۆلی فەرمی سەرۆک وەزیران، لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری سیاسی، رووبەڕووی چالنجی قۆناخی پۆست شۆڕش و ئامانجی رزگاری نەتەوایەتیش بووەوە، کە لەتەک راگرتنی بالانسی ئیداری و سیاسی قەوارەی دەستوریی هەرێم و بەرگری لە مافە دەستوریەکانی، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، چۆن گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان لەسەر هێڵی ئازادیخوازی و سەربەخۆخوازی خۆی بهێڵێتەوە، تاکوو ئەرکە دەستوریەکان و ئامانجە نەتەوەییەکان، یەکتر نەبڕن و بەریەک نەکەون.

لە بەڕێوەبردنی کوردستان لە دۆخێکی لەوچەشنەدا، نە تیۆریە باوەکان، نە نۆرمە شۆڕشگێڕیەکان، نە یاسا نێودەوڵەیەکان و دەستوری بنچینەیی عێراقیش هیچ چارەسەرێکی کرداریان پێ نەبووە، تاکوو بەشێوەیەکی سروشتی رێگایەک لەبەردەم هەنگاوەکان بکاتەوە، بۆیە ئەو دۆخە قەیراناویە نیازی بە داهێنانێکی نوێی سیاسی و هونەری ئیدارەدانی قەیرانە بێ پێشینەکان هەبووە، تاکوو دەریچەیەک بۆ دەربازبوون لە زاڵگە دەستوری و ئاسایشییە، ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان بدۆزرێتەوە .

پرسەکان چۆن چارەسەر کران؟

ئایا میراتی هزری و بایۆلۆژی بارزان هاوکار بوون؟

لە فەلسەفەی عێرفانی و لاهوتیی بارزان دا، رێگای گەیشتن بە خوا فرەجۆرن . ئایا بەپێی ئەم ئەندێشەیە و لەو سۆنگەوە، کە نێچیروان بارزانی لە رووی مۆڕالی و جیهانبینییەوە سەربەو رێبازەیە، داهێنانێکی سیاسیی بە پێی ئەو ئەندێشە و فەلسەفە عێرفانیەی بارزان ئەنجام داوە و ئەو بڕوایەی تیۆریزە کردووە، کە مادەم رێگای گەیشتنە خوا فرەجۆرن، دەشێ ریگای سەربەخۆیی نەتەوەش فرەجۆر بن ؟ ئایا وەک دەبینرێ لەو گۆشە نیگاوە شێوازی نوێی بۆ بەیەکەوە گونجاندنی ئامانجەکان تاقی کردۆتەوە ؟

ئەوە راستیێکی حاشا هەڵنەگرە، کە هەر لەسەرەتای دامەزرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کۆت وبەندی سیاسی و یاسایی دەوڵەتی عێراق، بازنەی دەسەڵات و جوڵەی دیپلۆماسی و سیاسی کوردی تاڕادەیەکی زۆر بەرتەسک کردبوو، بۆیە نێچیراوان بارزانی بە شێوەیەکی گشتی سیاسەتی دیپلۆماسی کوردی لە چوار تەوەرەدا بنیات ناوە، کە کەمتر هەستیارییان لەسەر بێ و لە رێگایێکەوە بەرەو پێشەوە ئاراستەیدەکردن، کە سازوکاری ئاسایشی دەوڵەتی عێراق نەیدەگرتنەوە و بەتەواوی مێنڕێژ نەکرابوون .

تەوەری یه‌كه‌م: دیپلۆماسی سیاسی

بە تێبینیکردنی گۆڕانکاریە هەمەچەشنەکان، کە لە مەودای کابینەکان یان ڕاستترە بڵێین، لە سەردەمی حکومەتداری نێچیروان بارزانیدا روویاندا، لە بواری دیپلۆماسی سیاسیی کوردیەوە، شایانی باس دەبێت ئەگەر بڵێین، یەکەمین جارە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، سیاسەتمەدارێکی کورد توانیبێتی، ئیدارەیەکی کوردی، لەناوجەرگەی روداوە تێکەڵ و پێکەڵەکانی سەردەمی جیهانگەرایی و تۆنێلە پێچاوپێچەکانی یاسای نێودەوڵەتی و داواکاریە هەمەچەشنەکانی کۆمەڵگەی پۆست مۆدڕنیتە و راگرتنی بالانسی تۆلێرانسی سیاسیی شەقامی فرەحزبی کوردستان و سازوکارە خنکێنەر و هەستیارەکانی سایکس پیکۆ، قۆناخی مێژوویی یەکڕوانگەیی و ئیدۆلۆژی و بلۆکبەندیە نێودەوڵەتیەکان تێپەڕێنێ و وەکوو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بەدەر لە هاوکێشە دژیەکە هەرێمایەتی و جیهانیەکان، بەڕێوەبەرایەتی بەرژەوەندی کوردستان بکات .

دیپلۆماسی سیاسی نێچیروان بارزانی، کرانەوەیەکی پرا


گماتیکی و هاوسەنگ بوو، بەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، کە تەنیا تێبینی و مەرج بۆ ئەو پەیوەندی و کرانەوەیە، بەرژەوەندی هاوبەش ورێزی هاوبەش بوو، هەروەک خۆ خۆلادان و خۆ بەدورگرتنێکی بە ئەتەکێتی دوربینانە ئەنجامدرا، لە چوونە ناو ململانەی ناوچەیی و سۆزدارانە و گەڕانەوە بۆ پێشێنەکانی مێژووی پێش قۆناخی حکومەتداری کورد . لەوەدا هەم سەرۆک وەزیران لە ئاست و پێگەی دەوڵەتمەدار دەرکەوت و ئەرکەکانی بەجێگەیاند، هەمیش شکۆ و پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێگە و هێزێکی سەرو ناوچەیی و باڵاتر لە سنورەکانی عێراقی عەرەبی و جێی بایەخ و لەبەرچاگیراو، تا ئاستی یاریکەرێکی نێودەوڵەتی بەرزکردەوە .

تەوەرەی دووه‌م: دیپلۆماسی فەرهەنگی

سەرەتایی ترین هەنگاوەکانی ناساندنی هەرێم، لە ڕێی بانگهێشتی شاندی فەرهەنگی وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ دەستیپێکرا، لەوشاندانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند و نوسەر و رۆژنامە نووس و ... بەشدار دەبوون، کە سەرۆک وەزیران خۆی پێشوازی لێدەکردن و کارئاسانی تەواویان بۆ دەکرا، کە هەموو داموودەزگا و دامەزراوەکانی فەرهەنگی و گەشتیاری و مێژوویی کوردستان بەسەر بکەنەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی، هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکاری و سیمای ئەو تۆلێرانسە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیە ببینن، کە دیموکراسیی نوێ بنیاتی کوردستان هێنایبوونە دی . ڕەنگدانەوەی سیاسەت و دیپلۆماسی فەرهەنگی، کرانەوەیەکی فەرهەنگیی ناوچەیی بەدوای خۆیدا هێناو بەدەیان وتار و فیلم و دیکۆمێنت و نوسراوی جۆراوجۆری لە وڵاتانی دراوسێ لەسەر بڵاوکرایەوە، کە ئەوەش بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی بازرگان و خاوەنکار و سەرمایەدارەکانی دەوڵەتانی دەوروبەری کوردستان .

تەوەری سییه‌م: دیپلۆماسی راگەیاندن

بە تێبینیکردنی کاریگەری ڕاگەیاندن لە جیهانی ئەمڕۆدا، سەرۆک وەزیران نێچیروان بارزانی وەکوو ئەولەویەتێکی پلە یەک، گرنگی بە دامەزراندن و پشتیوانیکردنی ناوەند و دەزگای هەمەجۆری گەیاندنی دەنگ و ڕەنگ و چاپ و بڵاوکردنەوە دا، لە دەرەنجامی ئەوەدا کوردستان کەوتە سەر هێڵی ڕۆشەنگەری و بەرەوپێشچوونێکی هزری بەرچاو . لە ئەنجامی ئەو گرنگیدانە رێگا بە دەیان کەنالی تیڤی و رادیۆ و گۆڤار و رۆژنامە و دەزگای رۆشەنبیری و ناوەندی چاپ و پەخشی زۆر مەزن درا و لە ماوەیەکی پێوانەییدا، کوردستان لە ڕووی چەندایەتیەوە زۆر پێش دەولەتانی ناوچەکە کەوت .

ئەوسیاسەتە ستراتیژیەی بواری راگەیاندن، دەنگ و ڕەنگی کوردی لە رێگای شەپۆلەکانی هەواوە، گەیاندە سەرتاسەری جیهان، لەوەشدا نەهەر پێش عێراق کەوت، بەڵکوو بووە سەرچاوەی هەواڵ بۆ هەموو جیهان، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بوو کە عێراق نەتوانێ پرسی کورد بە گوێرەی سیاسەت و رێکارە ئاسایشیەکانی لەقاو بدا و بە پێی بۆچوونەکانی خۆی لە فیلتەر تێپەڕێنێ و وەک هەمیشە لە چوارچێوەی سانسۆری سیاسی و ئاسایشی و سوپایی دەوڵەتی ناوەندی ئاراستەیان بکاو کۆت و بەندیان بکات .

سیاسەتی دیپلۆماسیی گەیاندنی نێچیروان بارزانی و ئەو ناوەندە گەیاندنە بەهێزانەی بنیات نرابوون، بەتایبەتی پاش ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و دواتر لە روداوەکانی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینی لە تێکشکاندنی ئابلوقەی هەواڵی و گەلەکۆمەی راگەیاندنی داگیرکەرانی کوردستان و گەیاندنی راستی روداوەکان و پەیامی ئاشتیخوازانەی کورد، بە بیروڕای گشتی نێودەوڵەتی و جیهانی ئازاد، هەروەک زۆر بە لێهاتوویی رێگاکانی بۆ دیپلۆماسی سیاسی کورد بە واڵایی هێشتنەوە .

تەوەرەی چواره‌م: دیپلۆماسی ئابوری

دیپلۆماسی ئابوری کە بازرگانی و وزە، یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی بوون، لە بەهادارترین دەستکەوتەکانی دەکرێ ئاماژە بەوە بدرێ، کە کوردی بردە ناو سیاسەت و هاوسەنگی وزە و هەنگاوەکانی خستە سەرهێڵی ئابوری جیهانی و هەرێمایەتی .

لە هیچ سەردەمێکدا، بەو ڕادەیە بەرژەوەندی گەورە هێزەکان چ لە ئاستی ناوچەکە و چ لەسەر ئاستی جیهان، وەک ئەمڕۆ لەگەڵ بەرژەوەندی کورد لەیەک نزیک نەبووەتەوە و کوردستان له ‌روانگه‌ی ئابوری، نەبووەتە رۆژەڤی باس و خواسی دەوڵەتان و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان . دەشێ ئاماژە بەو خاڵەش بکەین کە یەکێکی دیکە لەو فاکتەرانەی رێگەی لە بەیەکەوە گرێدانەوەی دوایین تەوقی زنجیری دەورەدانی ئابوری کوردستان لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر گرت، هەمان سیاسەتی ستراتیژی بنیاتنانی بەرژەوەندی هاوبەش بوو، کە لە رێگای سێکتەری وزەوە بناغەی بۆ دارێژرا بوو .

لەتەک هەموو ئەوانەدا، دەستبردن و چاکسازی لە کۆمەڵیک داب و نەریتی خێڵەکی کۆمەڵگەی کوردستان، بە تایبەتی لە پرسی مافی ئافرەت و ماف و ئازادیەکانی جێندەر دا، کە تا ئەو مێژووە بەتابۆ هەژمار دەکران، بڕینی قەلەمبازێکی پێوانەیی بوو، کە ناوبانگی کوردستانی لە جیهانی مرۆڤایەتی و دیموکراسیدا گەشاندەوە . گرنگیدان بە ئازدی ڕادەربڕین، ژینگە، ئازادی تاک، ئازادی هزرین و بەدیهێنانی دەرفەتی وەکهەڤ لە کار و بازرگانیدا، پێناسەیەکی تری پڕ لە پێزانی


نی کۆمەڵگەی جیهانی بوو، کە لە ماوەی کابینەکانی نێچیروان بارزانی دا، گەرچی کوردستانی نەکردە کۆماری کوردستان، لێ توانی دەستەواژەی (( عێراقێکی دیکە )) بخاتە ناو فەرهەنگی سیاسی جیهانیەوە