2019-04-25 16:34:00

ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی دیاردەی ئۆتیزم وەکو نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشک بە
تێكچوونی پێگەیشتن دەناسێنێ، کە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی کێشەیەکی
کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، بەو هۆکارە فەرمانی ئاسایی مێشك تێکدەچێت و دەبێتە
مایەی ناتوانایی و لاوازی لە فێربوونی زمان و گفتوگۆکردن و یاری کردن، دەرئەنجام
پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کەسە کەم دەبێتەوە.
ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی ئۆتیزم سەرەڕای هەوڵە زانستیەکان بۆ گەیشتن بە
چارەسەرکردنی لە هەڵکشانە، بەو ڕێژەیەی له‌ هه‌ر ١٠٠ مناڵ له‌ جیهاندا یه‌كێكیان جۆرێك
له‌جۆره‌كانی ئۆتیزمیان هه‌یه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش تا ته‌مه‌نی دوو ساڵیی هیچ نیشانه‌یه‌كی
ده‌رناكه‌وێت.
ئۆتیزم وەکو نەخۆشیەکی بڵاو و ئاڵۆز نیشانەکانی لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازن،
پزیشکان دەڵێن، ئەو مناڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشان دەکرێن و
دەست بە چارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندیە
کۆمەڵایەتیەکان باشتردەبن.
ئێستا هیوایەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیە دەرکەوتووە، کە بریتیە لە ئەسپسواری،
وەکو جیهانێکی تایبەت بۆ تووشبووان بەم نەخۆشیە.
ئەم شێوە چارەسەرکردنە وەکو دەردەکەوێ ئەنجامی لە ڕادەبەدەر بەدەست دەهێنێ لە
باشتربوونی دۆخی نەخۆشەکان، تەنانەت تووشبووان نزیک دەکاتەوە لە کۆمەڵگەی دەرەکی و
دەبێتە مایەی بەهێزبوونی پەیوەندیان لەگەڵ کەس و کاری ناو خانەوادە.
پێویستە ئەو دامەزراوانەی لەگەڵ مناڵانی تووشبوو بە نەخۆشیەکانی ئۆتیزم کار دەکەن
هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریە و هۆشیاری بدەن لە ناو کۆمەڵگا و لە ناو کەس و کاری

2
تووشبووان، کەوا ئەسپسواری ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی دۆخی تووشبووان
و مایەی شکاندنی ئەو بەربەستەیە، کە لە نێوان نەخۆش و جیهانی دەرەوە بوونی هەیە.
پزیشک و پسپۆڕانی ئەم بوارە پێیان وایە، چارەسەرکردن بە پەنابردنە بەر ئەسپ لایەنی
دەروونی نەخۆش بە لایەنی جەستەیی ئەو تێکەڵ دەکات و ئەسپیش توانای وەڵامدانەوەی
یەکسەرەی هەیە و پەرچەکرداری ئەرێنی دەنوێنێ بەرامبەر بە چالاکی نەخۆش و ڕەفتارەکانی،
هەروەها ئەسپ ئەو تواناییەی هەیە، هەستەکانی نەخۆش بزانێ و مامەڵەی لەگەڵ بکات.
دەکرێ بە پەنابردن بۆ ئەسپ شێوە پزشکییەکی گشتگیر جێ بەجێ بکرێ، بێ گەڕانەوە بۆ
نەشتەرگەری و دەرمان.
ئەسپسواری کاریگەری ئەرێنی دەبێ لەسەر سێ ناوچەی جەستەی مرۆڤ، ئەگەر ئەو سێ
ناوچەیە بە دیاریکراوی چالاک بکرێن، ئەوا جەستە لە ناوەوە دەکەوێتە کار بۆ چارەسەرکردن،
بەتایبەتی لە کۆئەندامی دەمار.
جووڵەی بڕبڕەی پشت لە سەرەوە لە ڕێگەی ئەسپسواری شلەی بڕبڕەی پشت بەرەو مێشک
خێراتر دەکات، ئەوەش وا دەکات، وەڵامدانەوەی کۆئەندامی دەمار و هۆرمۆن خێراتر بێت.
بەخۆشحاڵیەوە ئێستا لە كوردستان "یانەی ئەسپسواری هەولێر" وەکو ئەرکێ، کە ڕەهەندی
مرۆیی هەیە، دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ مناڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم، کەوا ئەسپ بکەن بە
هاوڕێیەکی نوێ و متمانەی ئەم ئاژەڵە هەستیارە بەدەست بهێنن، تاوەکو بە ڕاهێنان فێری
ئەسپسواری بن و ئەو ڕێنماییانە بەکار بهێنن، کە لە ڕێگەیانەوە ئەسپ گوێڕایەڵیان دەبێ و
خواست و فەرمانەکانیان ئەنجام دەدات.
ئەسپسواری ئەو توانایەی هەیە دەروونی مرۆڤەکان باشتر بکات، بەتایبەتی دەروونی ئەو
مناڵانەی، کە خاوەند پێداویستی تایبەتن و گرفتی ئۆتیزمیان هەیە.
کەواتە مناڵی تووشبوو بە ئۆتیزم لەگەڵ کاتدا لەسەر ئەسپ ڕادێ و بە ئەسپ هاوڕێی خۆی
دەزانێ و پەیوەندی و متمانەی لەگەڵدا درووست دەکات، ئەمەش وای لێ دەکات کەس و کار و
تەنانەت کەسانی دوور لە خانەوادەکەی خۆی قبوڵ بکات.

3
بەداخەوە تاوەکو ئێستا زۆرێ لە پزیشکانی پسپۆڕی ئەم بوارە زانیاریان کەمە لەسەر ئەوەی،
تاچ ڕادەیەك ئەسپسواری وەکو چارەسەرێ گرینگە و دەرئەنجامێکی ئەرێنی و باشی لەسەر
مناڵانی تووشبوو هەیە.
دیارە ئەو ئەسپانەی کە بەکاردەهێنرێن لەم بوارە پێویستان بە ڕاهێنانی و ڕێنمایی تایبەت
هەیە، هەر وەها پێویستە ڕاهێنەرانی ئەسپ لێزان و سەرکەوتووبن لە بواری ئەسپسواری و
باشتر وایە ئەو ڕاهێنەرانە پسپۆڕێتی بواری چارەسەری سروشتیان بەدەست هێنابێ.
بە پیویست دەزانرێ کەرتی پەروەردە و تەندروستی و ڕۆشنبیری ئەم هۆشیاریە لەناو کۆمەڵگا
بڵاو بکەنەوە، تاوەکو کەس و کاری مناڵانی تووشبوو بەم نەخۆشیە گرینگی بە ئەسپسواری
بدەن وەکو چارەسەرێ بۆ نەخۆشی مناڵ.
لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەسپسواری خۆشترین و بە سوودترین وەرزشە بۆ مناڵ، کە بیر و هۆش و
فێربوونی مناڵ بەهێز دەکات و گرفتەکانی تایبەت بە مناڵ چارەسەر دەکات، چونکە ئەو
جوڵەیەی، کە لە کاتی لەرینی ئەسپ درووست دەبێ، کار دەکات لەسەر هاندانی کۆئەندامی
دەماری مناڵ و توانای جوڵەی مناڵ بە شێوەیەکی خێرا باشتر دەکات و دەبێتە مایەی
چالاکبوونی سووڕی خوێن و بەهێزبوونی ماسوولکەکان و ڕێگر دەبێ لەو گرژبوونانەی، کە
مناڵ بە هۆی کەمی جوڵە تووشی دەبێ.
هەروەها ئەسپسواری مناڵ دەپارێزێ لە نەخۆشیەکانی دڵ و بۆڕیچەی خوێن و خوێن بەرەکان.
سەرەڕای ئەوەش ئەسپسواری کاریگەری دەبێ لەسەر دەروونی مناڵ و هۆگری و ئارامکردنی و
لێ ووردبوونەوەی تیژتر دەکات، لە تەنیشت ئەوەشەوە گەشە بە توانای عەقڵی مناڵ دەدات و
لێ دەگەڕێ ڕێژەی ڕامانیان زیاد بکات.
وەرزشی ئەسپسورای ، لێ ناگەڕێ کێشی مناڵ زیاد بکات و بە هۆی سووتاندنی چەوری لەش
بە شێوەیەکی خێرا پرۆسەی هەرس کردنی خواردنی مناڵ باشتر دەکات. بە هیوای
تەندرووستی بۆ هەمووان
دکتۆر سامان سۆرانی

YesIraq
}