بۆ پێشێلکردنی ئاسایشی نەتەوەیی لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر نییە ؟

بۆ پێشێلکردنی ئاسایشی نەتەوەیی لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر نییە ؟
2024-03-15T13:48:59+00:00

به‌در ئسماعیل شیرۆكی/ پێدەچێت سەرزەمینی ئازادی، ئەو ئاقارەی باب و باپیرە شۆڕشگێڕەکان قوربانییان بۆ دەبەخشی و نەوەی ئێمەش لەبەشێکیدا بەچاڵاکی بەشدارییمان هەبوو، هێشتا لەسەر دوندی کێوێکی بەرز و دوورە دەست بێ و بە شاخ و هەوراز و زنارەکانیدا هەڵگەڕانی بە سەدان کۆسپ و تەگەرە و هەڵدێری لەپێش بێت. جاران ئەگەر کورد باڵەکانی بەرەو ئازادی دەکردەوە، ئێستا دەبێ هەم هزر و هەم ویژدان و هەمیش چاوەکانی بکاتەوە.

لە سەردەمی چاوکردنەوەی کورد دا، کارەساتی مەزن ئەوەیە، کە رەوت و لایەن و پارتە سیاسییە لەڕادەبەدەر دژیەکەکانی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتن و ئەنجامە تراژدیکە، کە لە زیانکردنی ئەوانیدیکە، ئەوان قازانج دەکەن و لە قازانجکردنی لایەنی دیکەی سەرگۆڕەپان، ئەوان زیان دەبینن. لەناو گێژاوی ململانەی دەسەڵاتخوازی دا، ئەو لۆژیکە بەو شێوە مەترسیدارە شیکراوەتەوە و وەرگێڕانێکی سەراوبنی بۆکراوە، کە لە ئەگەری مانەوە و بوونی لایەنی بەرابەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، ئەمان نامێننەوە و بەیەکجاری دەتوێنەوە، بۆیە بۆ مانەوەی خۆیان دەبێ رکەبەری سیاسی ورد بکرێ و بتوێنرێتەوە و وردوخاش بکرێ.

هێزە سیاسییەکان، بە حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە، پرۆسە و پرۆژەی حکومەتڕانی کوردییان بردووەتە ناو ئەم تۆنێڵە تاریکە بێ دەربازبوونە، کە نە ئەم بەر خۆی بەکۆی ئەولا دەزانێ، نە ئەو لایەنی دیکە بەشێک لە ئەم لایەنە.

هەموو ئەو رەوت و لایەنە سیاسی و پێشەییانەی، کە سکالا لە دادگەی ناوەند وەکوو چەکی ململانە بەکار دەهێنن و لە وەرگرتنی وەڵامی ئەرێنی ئەو دادگەیە دژی لایەنێکی تری کوردستانی، شایی لۆغان دادەبەستن و بەسەرکەوتنی دەزانن، عینادی سیاسی دیدگە و مەودای دیتنیانی ئەوەندە کورت و بەرەتەسک کردۆتەوە، کە ناتوانن لێکەوتەی ئەو خەسارە ستراتیژیە ببینن، کە وەڵامی دادگە لە پێناوی بەرقەرارکردنی دادپەروەری رەها نییە، بەڵکوو دەقاودەق، ئامانج لێی نووسینەوەی رەچەتەیەکی پڕ لە گرێی هەستیاری مێژوویی و نەتەوەیی وهەژموون سەپێنی دووبارەی دەوڵەتی ناوەندی و نەتەوەی سەردەستە، کە بۆ قوڵترکردنەوەی شوێن پێی کارەساتی سیاسی و لێکترازانی پێکەوەیی جڤاکی لە کوردستان داڕێژراوە. کە لەم هەڵوێست و بڕیارەیدا، ئەگەر مەبەست دینامیت و تی ئێن تی، تەقاندنەوەی یەکجارەکی بناغەی دامەزراوەی قەوارەی هەرێم و هەرەسپێهێنانیشی بێ، لێ لەگەڵ ئەوتەقاندنەوە هەژێنەرە دا، بەشێک لە پرۆسەی سیاسی و بناغەی دەوڵەتی نوێی عێراقیش دەڕوخێنێ وپارچە پارچەی دەکات.

پرسیار ئەوەیە، ئەو رق و لەیەک بێزاری و یەک نەبینینە لەکوێ و لە چییەوە هاتووە و لەسەر چ بۆتەیەک سەری هەڵداوە، ئایا دەکرێ بڵێیین میراتی مێژوویی دژایەتییەکانی ساڵانی رابردوو و پاشخانی هزریی کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی، هێشتا بەسەر تێگەیشتن و پەروەردە و رۆشەنبیری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان زاڵە و هێشتا پلۆرالیزمی جڤاکی و ناوچەیی لە نێوکوردان جێگەی بۆ نەکراوەتەوە؟ چونکە ئەگەر پێکەوەژیانی سیاسی هەبێ، هیچ هێز و لایەن و پارتێکی سیاسی ناخوازێ، یان ناوێرێ، دەسەڵات و حوکمڕانی گەل، گەرچی بەهۆی لایەنێکی دیکەی رکەبەریش بەڕێوە بچێ، لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێنێتەوە و لە نێوی ببات. چونکە ئەوە رێک ئەو کردارەیە، کە زەمینە و سیستەمی بەدەسەڵاتگەیشتی خۆی وێران دەکا و بۆ هەتا هەتایە لەناو دەبات. بۆیە بەپێچەوانەی ئەوتێگەیشتنە و مکانیزمی سیاسەتی لەناوبردن، فراوانکردن و دابەشکردنی دەسەڵات، بیرۆکەی یەکتر سڕینەوە لە کۆمەڵگە و خەیاڵدانی سیاسی پاک دەکاتەوە.

ئەوەی زۆر جێگای سەرسوڕمانە، دوای تێپەڕینی سی ساڵ لە حوکمڕانی تا رادەیەک رەها و نیمچە سەربەخۆی کوردی و بوونی دەسەڵات و دامەزراوەی یاسادانان ( پەرلەمان)، بۆچی بیر لە تێپەڕاندن و بەرهەمهێنانی یاسایەکی ئەوتۆ نەکراوەتەوە، کە هەم دەسەڵات و حوکمڕانی لە چوارچێوەی یاسا و رێسای دیموکراتی ئاراستە بکا، هەم رەوت و هێز و گرۆپگەلێک بەرزەفت بکات، کە ململانەی سیاسی و دیموکراسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، تێکەلی پیلان و بەرنامەی روخاندن و لەناوبردنی قەوارەی دەستوری و یاسایی هەرێمی کوردستان دەکەن و بۆ نەهێستن و هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی تێدەکۆشن، رووبەڕووی لێپێچانەوەی یاسایی بکات. بۆچی تا ئێستا لەم هەرێمە، پێشێلکردنی ئاسایشی نەتەوەیی لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە، هیچ جۆرە بەرپرسیارییەتی و لێپێچانەوەی یاسایی لەسەر نییە؟ ئایا لە جیهاندا، هیچ ئەزمونێکی لەم بابەتە بوونی هەیە، کە قەوارەیەک و هەرێمێکی ئیداریی دەستوری، یاسا و رێسای تایبەتی بۆ بەرگری لە پێگە و مانی خۆی دانەڕشتبێ و بەهۆی ئەو یاسایانەوە بەرگری لە مافی مانەوەی خۆی نەکات؟ سەرباری هەموو ئەو نارونییە، پرسیارێکی دیکەی بنگەیی کە دەشێ زۆر شایانی سەرنج بێ ئەوەیە، کە ئایا دادگە و دادوەری گشتی لەم هەرێمە، تەنیا بۆ یەکلاییکردنەوەی سکالای هاوڵاتیانی مەدەنییە و ناتوانی لەبارەی پرسگەلی سیاسی و بنگەیی وڵات بڕیار بدا و سنوری تواناکانی ناگاتە دەست و ملی لایەنە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە؟ لەگەڵ ئەوەشدا ماف بۆ هەموو ئەو پرسیارکەرانە دەبێ، کە بەم شێوەیە لەو مەسەلەیە تێبگەن، کە نەبوونی یاساگەلێکی لەو چەشنە و هەوڵ نەدان بۆ نووسین و جێگیرکردن و شێوەگرتنی بنەمایەکی یاسایی لەو چەشنە لە پەرلەمانی کوردستان لە سێ دەیەی رابردوو دا، ئەوە دەگەیێنێ کە هەموو لایەنەکان بەجۆرێک لە بۆشایی و بەبوونی یاسا کەڵکیان وەرگرتووە و نەبوونی یاسایەکی دەستگری لەو جۆرەیان لە قازانجی خۆزانیوە و هەرگیز بیریان لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ نەکردۆتەوە.

Shafaq Live
Shafaq Live