تێگەیشتن كەركووك چییە

تێگەیشتن كەركووك چییە
2010-12-21T06:38:57+00:00

ڕووبەڕووی هەموو ئەو ستەم و ئێش و ئازارانە بوونەتەوە، كە وەك سیاسەتێكی ناڕاست بەرامبەر كورد لە چوارچێوەی ئێراق بەتایبەتی گیراوەتەبەر، ئەگەر ورد لە بۆچوون و هەنگاوەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بڕوانین لەبارەی پرسی كەركووكەوە، راستییەكی مێژووییمان بۆ دووپاتدەبێتەوە، كە هیچ كاتێك و هیچ قۆناغێكی نالەبار و ناسەقامگیر نەیتوانیوە ئەو ئیرادەیە لاواز بكات، كە بەشێكە لە ئامانجی پارتی و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ گەڕانەوەی كەركووك بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان و سڕینەوەی ئەو زوڵمە جوگرافی و مێژوویی و نەتەوەییەی لە كورد كراوە.هاوشان لەگەڵ دوژمنانی كورد، خەڵكانێك پێیانوایە كەركووك لە تێڕوانین و ئەجێندای سەرۆك مسعود بارزانی پرسێكی هێندە گرنگ نییە، ئەمە هەڵە تێگەیشتنێكە، یاخود خۆ دەربازكردنە لە راستی سووربوون و پێداگیرییەكانی سەرۆك بەرامبەر بە كەركووك و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، ئەوەندەی دەگوترێت، بۆچوونی زۆر لاواز و بێبەڵگەیە، كە كورد و سەركردایەتیەكەی بەتایبەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كاڵبوونەتەوە بەرامبەر كەركووك، ئەمە غەدرێكە هەرگیز ناچێتە ئاستی خەمخۆرانەی سەرۆك بارزانی بەرامبەر بە كەركووك، ئەگەر كەمێك لە واقیعی تێڕوانین و ئامانجی پارتی و بارزانییان شرۆڤە بكردایە، تێدەگەیەشتن شۆڕشێك بەقوربانیكرا بۆ كەركووك، بەقوربانیكردنی شۆڕشێكیش لە پێودانگی هێزەوە مانا و مەغزایەكی تایبەتی خۆی هەیە، بارزانیی نەمر نەك نەیویست نەفرەتی مێژوو رووبەڕووی شۆڕشەكەی بێتەوە، بەڵكو ئیرادەیەكی وەك میرات بۆ پارتی و رێبازەكەی بەجێهێشت، كە مساوەمەكردن لەسەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بەتایبەتی بستێك خاكیش خیانەتە، بۆیە پارتی سوورە و پێداگیرە لەسەر ئەوەی ئەو مافە بە هەر شێوەیەك بێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف، جا ئەمڕۆ دەرفەتێكی دەستووری و یاسایی هاتۆتە پێش هیچ پێویست بەوە ناكات بەئالیەت و میكانیزمێكی دیكەی وەك شەڕ یان توندوتیژی ئەو مافە وەرگیرێتەوە.

ئەگەر خەڵكانێك تاكو ئێستاش لەو ئیرادە بەهێزەی سەرۆك مسعود بارزانی بەرامبەر كەركووك تێنەگەیشتبن یاخود نایانەوێ تێبگەن، ئەو بۆچوونانەی لە كۆنگرەی 13ی پارتیدا لەبارەی كەركووكەوە خستیەڕوو، باشترین وەڵامن، وەڵامێك دەتوانێت سەلمێنەری زۆر ڕاستی بێت، وەڵامێك، نەك كورد دڵنیا دەكاتەوە لەوەی مافی خۆمان پشتگوێ دەخەین، بەڵكو وەڵامێكیش بوو، بۆ ئەوانەی لەمپەر یاخود كۆسپ لەبەردەم ئەم مافەی كورد دادەنێن، وەك بەڕێزیان ئاماژەیپێدا، مساوەمە لەسەر ناسنامەی كەركووك و ئەو ناوچانە ناكرێ، چونكە كەس ناتوانێ ئەمە بكات. ئەمە روونترە لەوەی هەقی كەسێك نییە مساوەمە بكات.یاخود ئەوانەی واهەست بكەن، كەركووك دەبێتە خەون و لە بیر دەكرێت، ئەویش خەیاڵێكە و هیچ بەرئەنجامێكی نابێت، نموونەكەی سەرۆك مسعود بارزانی دەهێنینەوە كە ئاماژە بوو بۆ كوڕێكی رێزدار كاك مسروور بارزانی، كە چەندە پرسی كەركووك بایەخدارە، بەڕێزیان وای بۆ هەمووان گێڕایەوە:(من نموونەیەكی سادەتان بۆ دەهێنمەوە، پێشی 2 ساڵ كە گرووپێك لەناو پەرلەمان خەریكی موئامەرەیەكی گەورەبوون دەربارەی پرسی كەركووك، ئەوەبوو من هەستام چووم بۆ بەغدا، نزیكەی 6،7 ڕۆژ مامەوە، سوپاس بۆ خوا لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكانی دیكە توانیمان ئەو پیلانە پووچەڵ بكەینەوە، كە گەڕامەوە نەوەیەكم هەیە كوڕی مەسروور تەمەنی پێنج شەش ساڵ بوو، وەڵاهی لەسەر پلیكانەكان هاتە سەر ڕێگەم و گوتی: بابە كەركووك ئی ئێمەیە بە كەس نەدەی. پێم گوت: ڕۆڵە وەڵڵاهی باپیرە گەورەت خەریكی كەركووك بووەو سەری لەسەر داناوە، باپیرت و بابیشت، پەنا بە خوا تۆ بۆمانی وەربگریتەوە. ئێمە هەر ئەوەندەمان پێكراوە.)ئەم نموونە دەلالەتێكی زۆر ڕوونە، ئەگەر كەسێك بیەوێ لێیتێبگات، ئەو راستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، دەستبەردان لەكەركووك مافی هیچ كەسێك نییە و نابێت، گەورە و بچووك، بەهێز و بێهێز، نەوە دوای نەوە میراتی گەڕانەوەی كەركووكی بەردەكەوێت و هەرگیز شایەنی سازشكردن نییە، كەواتە تێبگەن كەركووك چییە.

 

Shafaq Live
Shafaq Live