پلان و پرۆسێسی تەمبەڵكردن و لەكارخستن

پلان و پرۆسێسی تەمبەڵكردن و لەكارخستن
2020-02-17T19:40:34+00:00

بۆیەكەمجار لەمێژووی عێراقدا و بۆبەردەوامبوونی دەسەڵاتی حیزبی پێشەنگ و حوكمڕانی حیزبێكی ئایدۆلۆژی و نەتەوەپەرست ، كەخۆی بەحیزبێكی مۆدێرنی سۆشیالیزم ناوزەدكردبوو ، بۆ زیندەبەچاڵكردنی خەونی نەتەوەی كورد و مافەڕەواكانی ڕێی كەوت لەپلانێكی زۆر ستەمكارانەو بەپرۆسێسێكی زۆر وورد جێبەجێی كرد ، ئەویش بریتیبوو لە تەمبەڵكردنی چالاكترین مرۆڤی كوردی كە گوند نشینەكان بوون كەهەزاران ساڵ بەتوانای خۆیان بەبێ هیچ خزمەتگوزاریەكی حكومەتەكان ژیاون ونان و ئاوو پێداویستی ژیانی خۆیان لەژینگەی خۆیاندا زەحمەتكێشانە پەیدا دەكرد ، حیزبی بەعس بەناوی ووشككردنی سەرچاوەی شۆڕش پاراستنی ئەمنی نیشتمانی و نەتەوەیی عێراقەوە پلانی چۆڵكردنی گوندەكانی كوردستانی دەستپێكرد لەساڵی ١٩٧٧-١٩٧٩ و بەقوڵایی ٢٠ كیلۆمەترو بەدرێژایی هەموو سنوورەكانی لەگەڵ ئێران و توركیا ، ئەڵبەت ئەم پلان و بەرنامەی ڕژێمی فاسد دایڕشت و جێبەجێی كرد تەنها زەرەرە گەورەكەی لەوەدا نەبوو كە تەك بە شۆرش و پێشمەرگە هەڵدەچنێ و بێ پشت و خانەولانەیان دەكات وەك ماسی لەئاودابڕاویان دەكات بەڵكو زەرەری زۆر لەوەگەورەتر بریتیبوو لە :
یەكەم :لەكارخستنی سەدان هەزار مرۆڤی ئیشكەرو چالاك و بەرهەمهێن وپەكخستنیان ..
دووەم :لەبری ئەوەی كۆمەڵێك كارخانەو هەلیكار بۆخەڵكەكە ئامادەبكات و كەرتی تایبەت بێنێتەكایەوە بۆ كاری ئازاد ، دوو هەنگاوی زۆر خراپی نا یەكەمیان پارەیەكی مۆڵی خستەبەردەستی خەڵكەكەوەك بەهای نیشتمان و موڵكی هەزارەها ساڵیان و لەبەرانبەردا جگە لەخەجكردن هیچ دەرفەتێكی دیكەی بۆ دروستنەكردن ..
سێیەم : دەستیكرد بەهەنگاوی سێیەمی پرۆسێسەكە كەبریتی بوو لە دامەزراندن بە شێوازی بێكاریی دەمامكدار لەسەر بوجەو خەرجی هەردوو وەزارەتی كشتووكاڵ و ئەوقاف و بەشێوازێك كەهیچ خێرو فێربوون و پێگەشتن و تێگەشتن و گەشەپێدانێكی تێدا نەبوو ، بەسێ جوتیارەوە بەیانی تائێوارە لەسەرەتای بەهاردا دوو درەختی پێ ئەناشتن لەهەندێك ناوچەدا ئەوەش بۆ فێڵ و خۆڵكردنەچاو بوو ، بۆ مزگەوتەكانیش لەپارەی ئەوقاف سێ ئیمام مجەرو خزمەتگوزارو تەكێیانەی بۆ هەریەكێكیان دائەمەزراند و بەوپارە بێ بەرهەمانە خەڵكەكەی لەكارخست و بێدەنگی كردن و كردی بەكلتورو تائێستاش كاریگەریی ماوە ..
چوارەم :ئەوەی كەمابویەوە گەنجەكان بوون ، ئەمەیان لەهەمووی ترسناكترو پیسترین جۆری گەندەڵی بوو كەدەستیكرد بە دامەزراندنی سیستمی جاشایەتی و ئەفواج خەفیفەو ١٨٠٠٠٠ هەزار گەنجی چەكدار كردو لەلایەك شەڕی پێشمەرگەو براكوژی پێدەكردن و لەلایەك مانگانەی مفت و خۆڕایی بۆ هەڵدەڕشتن تاوەكو توانی لەماوەی چەند ساڵێكدا جیلێكی مفتەخۆری یەكتركوژ دروست بكات و بەهیچ شێوەیەك بیر لەكارو ڕەنج و بەرهەم نەكەنەوە ، لەوەش خراپتر لەناو ئەو بەرنامە گەندەڵەدا گەندەڵیەكی دیكەی دروست كردبوو بۆ گەنجە سەربازەكانی كورد كەلەناو سوپای عێراقدا لەشەڕدا بوون ئەویش بریتیبوو لەوەی سەربازەكە هەڵدەهات و لەیەكێك لەفەوجەكاندا ناوی تۆماردەكردو ناسنامەیەكی دەخستەگیرفانی و یان بەخۆڕایی یان بەربەنیوەیی دەمایەوەو هەندێك جار بێ ئیش دەسوڕایەوەو بەعسیش دەیزانی بەڵام لەبەرئەوەی نەبێت بە پێشمەرگە چاوپۆشی دەكرد..
بينجه م: هەنگاوی چوارەم بۆ هەموو عێراق بوو بە كوردستانیشەوە ، ئەویش ئەوەبوو كە سیستمی بایعی و خۆراك بە نیمچە خۆڕایی هێنایە كایەوەو دەیگووت پارەی نەوتمان زۆرەو دەیدەین بە خۆراك بۆ گەلەكەمان ئەوەش درۆو چەواشە كاریی بوو چونكە بووجە زەبەلاحەكەی عێراقی دەكرد بەقوڕگی شەڕێكی بێ ماناداو قەرزی دەیان دەوڵەتی دوورو نزیكی هێنابویە سەرعێراق و خەڵكەكەشی بەنانەسكی دەخەڵەتاند و كەشەڕیش تەواوبوو لوساڵی ٢٠٠٢ دا دەركەوت كە عێراق ٣٥٠ ملیار دۆلار قەرزارە و خاوەنی گەلێكی ماندوو لەكاركەوتوو بەكارهێنەری بێ بەرهەمە ، گەلێكی ماندووی لەكارخراوی دوای شەڕی ئێران و عێراقی دووچاری داگیركردنی كوەیت و بەرئەنجامە سەختەكانی كردو ، گەمارەی نێودەوڵەتی درێژخایەن كەوتە سەر ٣٠ ملیۆن مرۆڤی بەكاربەر، تاوای لێهات ئەوسی ملیۆن مرۆڤە بەكاربەرە مەمنوونی بڕیاری نێودەوڵەتی بوو كە بڕیاری ٩٨٦ دەركرد بۆ ئەوەی UN نەوت بەرانبەر خۆراك ڕێكبخات بۆ گەلێك كە ملیارەها بەرمیل نەوتی یەدەكی هەیەو ، دووەم سەبەتەی خۆراكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە دوای سودان ، ئەمانە هەمووی عەقڵێك بەرهەمی هێنا كە باوەڕی وابوو ئەگەر خەڵك بێ بەرهەم و بێكارو مشەخۆر بكەیت و چاوی لەدەستی دەسەڵات و حكومەت بێت بەئاسانی و بەباشی دەتوانیت لەكاتی شەڕ شەڕی پێبكەیت و لەكاتی ئاساییدا بێ دەنگیكەیت و بەنانە سكی حوكمڕانی بكەیت ...
ئەم پلان و پیلانەی حیزب و ڕژێمی بەعسی سەركردە بوو بە كلتوورو ئێستاش لە عێراق بە خەستی پەیڕەو دەكرێت و لەكوردستانیش بەزانین و نەزانین هەندێكی كاری پێكراوەو بەردەوامیشە ، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم لەكابینەی یەكەمی ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئێستا بەباشی ئەم حاڵەت و بابەتەیان دراسە بكردایەو خەمی خەڵك و گەلێكی بەرهەمهێنیان بخواردایەو لانیكەم دراسەی ئەوەیان بكردایە كە بزانین بەعس و حیزبی سەركردە چی بەسەرهێناوین ، چۆن چارەسەری بكەین ؟ لەكوێوە دەست پێبكەین ؟ تراژیدیاكە چۆن ڕاگرین؟ سەرمایەی مرۆییو سروشت چۆن لەیەك بدەین و وەبەرهێنان لەمرۆڤ و تواناكانیدا بكەین ؟
ئەوا ٢٨ ساڵمان لەكیس چووە لەسەردەمێكدا كەسەردەمی پەرەسەندن و گەشەسەندنەو یەك ساڵی بە ١٠ دە ساڵ دەڕوات بەهۆی ئەوسیستمانەی كەتەكنەلۆژیاو عەقڵی مرۆڤ كاری پێدەكەن ...
هەژاری لەعێراقدا ناگەڕێتەوە بۆ تەمبەڵی خەڵك و ئارزوومەندانە نیە چونكە خەڵكی عێراق و خاكەكەی هەزارەها ساڵە خەڵكی ناوخۆو بیانی ژیانوەو چەندەها ژیاری جیاوازو پێشكەوتووی هەڵخستوە، لێرە هەژاریی نیە بەڵكوو هەژار دروست كردن هەیە ، لێرە تەمبەڵی نیە بەڵكو تەمبەڵی بەسیستمی دژە ژیان ودژە مرۆڤ ڕێكخراوە ، لێرە كەس حەزی بە بێكاریی دەمامكدار نیە چونكە لەڕووی فیتری و غەریزیەوە دژە بەكەرامەتی مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ بەتایبەت لەووڵاتی دەوڵەمەنددا..
چارەسەر ئەوەنیە ئەم حاڵەتە سەقەتە بەسیستم كراوە بكرێتە دیفاكتۆ یان ناو بنرێت قەدەری حكومەتی عێراق و كوردستان لەسەری بەردەوام بن ، ئێمە لەبەرئەوەی ووڵاتێكی زۆر دەوڵەمەندین بەسامانی سروشتی و مرۆیی دەتوانین دەستپێبكەین و هەستینەوەو كۆمەڵگایەكی هۆشیارو خوێندەوارو بەرهەمهێن بونیاد بنێین بەمەرجێك سامانی سروشتی لە پێگەیاندن و بونیاد نانەوەی مرۆڤەكاندا خەرج بكەین ، نەك داهاتی سامانی سروشت بەكاربێنین بۆ سیستتمی تەمبەڵكردن و لەكارخستن و كۆیلەی مۆدێرن .
بۆ عێراق و كوردستانێكی دەوڵەمەند دروست كردنی هەلیكار ئاسانە بەمەرجێك مۆنۆپۆڵ بۆ حیزب و كەس و كۆمپانیا كۆتایی پێبێت بەسیستمێكی ئابووری شەفاف و بازاڕێكی ئازادی ڕێكخراو ، چیتر چەكدارو موچە خۆری حیزب و تایفەو دیوەخان نەمێنێت ، لەهەمان كاتداو هاوكات سیستمێكی عادیلانەی سۆشیال هەبێت و هێڵی هەژاریی لەماوەی ١٠ ساڵدا بگاتە سفر ..
عێراق و كوردستان چیتر پێویستی بەخەرجی گەورە نیە لە كڕینی چەك و تەقەمەنی چونكە شەڕی سەردەم بەم جۆرە چەك و سوپا تەقلیدیەی ئێستا ناكرێت و خۆ پڕچەككردن و مەسرەفی چەند ملیاریمان بینی و لەموسڵ وبەرگەی هەفتەیەكی داعشی نەگرت ، زۆر مەسرەفی دیكەش هەیە كە مێرگی گەندەڵیە دەتوانرێت دەستی لێهەڵبگیرێت و لە مرۆڤ و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریدا خەرج بكرێت .
دواقسەم ئەوەیە حكومەت و سیستمێك سەركەوتووە بنەمای حكومەتی باش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتی و سەردەمیانەكان پێڕەو بكات و لە میزانی بازرگانی و ئابووریدا بەهای ملیارێك بەرانبەر سەد دۆلار وەك یەك حساب بۆ بكات .

Shafaq Live
Shafaq Live